رۆناڵدینیۆ دەیویست لە یەککات و یەک ئاهەنگدا دوو ژن بێنێت

رووداو دیجیتاڵ

رۆناڵدینیۆی بەرازیلی، ئەستێرەی پێشووی یانەی بارسێلۆنا، خەریکبوو خۆی تووشی کێشەیەکی گەورە بکات، کاتێک زۆر نزیکبوو لە پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەگەڵ دوو ژن لە یەککاتدا.
 
ئەم رووداوە لە ساڵی 2018 روویدا، دوای ئەوەی بەرگریکارانی لە یاریگا نێودەوڵەتییەکان ماندووکرد و لە هەموو شوێنێک نێوبانگی دەرکرد و بوو بە یەکێک لە باشترین ئەستێرەکانی تۆپی پێ لە مێژوودا.
 
دوای ئەوەی ئەو ئەفسانەیەی تۆپی پێ خەریکبوو لە دەرەوەی یاریگاکانیشدا زۆر بوێرانە دەربکەوێت، کاتێک راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایان کرد کە لە یەککاتدا ویستوویەتی هاوسەرگیری لەگەڵ دوو خانم بکات.
 
رۆناڵدینیۆ پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ پریسیلا کۆیلۆ هەبوو، پەیوەندییەکە 6 ساڵ بەردەوام بوو، بەڵام هەرگیز پەیوەندییەکی ئاسایی نەبوو.
 
لە هەمانکاتدا ئەستێرە بەرازیلییەکە پەیوەندی بە خانمێکی دیکەوە هەبوو بەناوی بیاتریس سۆزا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لەو کاتەدا ئەو هەڵوێستە رەخنەی زۆری لێبکەوێتەوە.
 
بەشە سەرنجڕاکێشەکەی ئەم چیرۆکە لە دەوری شتێکی دیکەدا دەسوڕێتەوە، کە جگە لەوەی لە یەککاتدا پەیوەندی بە هەردووکیانەوە هەبووە، لە یەک شوێنیشدا لەگەڵیان ژیاوە، لە کۆشکەکەیدا کە دەکەوێتە شاری ریۆ دی جانیرۆ و بەهاکەی شەش ملیۆن یۆرۆیە.
 
ماریا، دایکی پێرسیلا لەو کاتەدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رەخنەی لە ئەستێرە بەرازیلییەکە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ کچەکەی گرت و دووپاتیکردەوە کە شەرمەزاری بۆ خێزانەکەی هێناوە.
 
پێرسیلا دەڵێت "کچەکەم تەنیا لەو شوێنەدا ماوەتەوە، چونکە رۆناڵدینیۆی خۆشدەویست".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژێک لەگەڵ پێرسیلا دەبوو، رۆژێکی دیکەش لەگەڵ بیاتریس دەبوو، مانگانە هەمان بڕە پارەی پێدەدان، هەمان دیارییان بۆ دەهێنا، جارێکیش بۆ هەر یەکێکیان کاتژمێرێکی رۆلێکسی بەدیاری هێناوە".
 
بەپێی چەندین راپۆرتی رۆژنامەڤانی بەرازیلی، بڕیاربوو رۆناڵدینیۆ، لە ساڵی 2018 لەگەڵ پێرسیلا و بیاتریس لە یەک ئاهەنگدا لە بەرازیل پڕۆسەی هاوسەرگیری بکات و تەنانەت ئەستێرە بەرازیلییەکە وادەی ئاهەنگەکەشی دیاریکردبوو، بەڵام دواتر ئەوە رووینەدا.
 
ئەگەرچی ئەوکات هۆکاری ئەنجامنەدانی ئەو ئاهەنگە ئاشکرا نەکرا، بەڵام یاسای بەرازیل سزای هەر کەسێک دەدات کە لە یەککاتدا زیاتر لە هاوژینێکی هەبێت و سزایەکە شەش ساڵ زیندانیکردنە.