رۆناڵدۆ زۆر تووڕەیە و لە نەسڕ قبوڵی ناکات

رووداو دیجیتاڵ 

 

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بۆ یەکەمجار بەگژ کارگێڕیی یانەی نەسڕی سعودیدا دەچێتەوە و نایەوێت بڕیارێک دەربکات. 
 
راپۆرتە میدیاییەکان لە سعودیە ئاشکرایان کردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی، کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی، کاردانەوەیەکی شۆکهێنەری بەرامبەر بە کارگێڕیی یانەکەی هەبووە، دوای ئەوەی زانیویەتی کە بەنیازن لویس کاسترۆی هاونیشتیمانییەکەی لە پۆستی راهێنەرایەتی دەربکەن.
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، رۆناڵدۆ پاڵپشتی لە مانەوەی کاسترۆ دەکات و داوایکردووە کە وەک راهێنەری تیپەکە بمێنێتەوە، سەرەڕای دۆڕاندنی لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری سعودیە، بەئەنجامێکی گەورە 1-4 بە هیلالی رکابەری.
 
بەگوێرەی ئەوەی ئەو سەرچاوانە، ناکۆکی هەیە لەنێو کارگێڕیی یانەی نەسڕ سەبارەت بە داهاتووی کاسترۆ، بەڵام راهێنەرە پۆرتوگالییەکە پاڵپشتی و بەرگری تەواوی لەلایەن کریستیانۆ رۆناڵدۆوە هەیە بۆ ئەوەی لە ماوەی داهاتوودا لەگەڵ تیپەکەدا بەردەوام بێت. دەشڵێت "رۆناڵدۆ زۆر تووڕەیە".
 
هەندێک لە هەواڵە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە کارگێڕیی یانەی نەسڕ دوای دۆڕاندنی جامی سوپەری سعودیە بڕیاریداوە کاسترۆ وەک راهێنەری تیپەکە نەمێنێتەوە.
 
رۆژنامەی ئەپۆلای پۆرتوگالی بڵاویکردەوە، یانەی نەسڕ، سێرجیۆ کۆنسیساوی پۆرتوگالی هەڵبژاردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە، بەو پێیەی کارگێڕیی یانەکە ئامادەیە ساڵانە 20 ملیۆن یۆرۆ مووچەی پێبدەن، کە لە هاوینی رابردووەوە پێش ئەوەی کاسترۆ بێنن بیری لەو دەکردەوە.
 
کۆنسیساو تەمەن 49 ساڵ، لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە بێ یانەیە دوای ئەوەی یانەی پۆرتۆی جێهێشت، کە لە ساڵی 2017 تاوەکو 2024 سەرپەرشتی کرد.
 
لە کاتێکدا کاسترۆ لە سەرەتای وەرزی رابردووەوە راهێنەری یانەی نەسڕ بووە، کە لە 50 یارییدا سەرکردایەتی تیپەکەی کردووە، 35 بردنەوە و 6 یەکسانبوونی هەیە و 9 یاری دۆڕاندووە.
 
راهێنەری پۆرتوگالی، کە لە وەرزی رابردووەوە هاتووە، لەگەڵ یانەی نەسڕ نازناوی جامی شا سەلمانی بۆ یانە عەرەبییەکان بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا لە هیلالی بردەوە، لە هەمانکاتدا خول، جامی شا، خولی پاڵەوانانی ئاسیا و دووجاریش جامی سوپەری دۆڕاندووە.