ئامەدسپۆر یارییەکی مێژوویی دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئامەدسپۆر دووەم یاریی لە رکابەرییەکانی خولی پلە یەکی تورکیادا ئەنجامدەدات و ئامەد رۆژێکی مێژوویی و گەورە بەڕێدەکات.
 
ئەمشەو لە دووەم یارییدا لە رکابەرییەکانی خولی پلە یەکی تورکیا، یانەی ئامەدسپۆر لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی ئیستەنبوڵ سپۆر دەکات، ئەمە یەکەمجارە یارییەکی خولەکە لە ئامەد بەڕێوەدەچێت، هەزاران هاندەری ئامەدسپۆر چاوەڕێی یەکەم یاریی یانەکەیان دەکەن لە یاریگەی خۆیاندا.
 
ئامەدسپۆر لە یاریی یەکەمدا بەرامبەر یانەی فاتیح کەراگۆمرۆگ یارییکرد و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یارییکرد و بەبێ گۆڵ یەکسانبوون.
 
بەر لە یارییەکەی ئەمڕۆ بە رۆژێک سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا بەسەردانێک چووەتە ئامەد و ئامادەی یارییەکەی ئەمشەوی ئامەدسپۆر و ئیستەنبوڵ سپۆر دەبێت.
 
ئیبراهیم حاجی عوسمان ئوگلۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا لە ئامەدە، رۆژی یەکشەممە لە ئامەد بەنێو شوێنە مێژووییەکانی شارەکەدا گەڕا و بۆ ئێوارەخوانێک میوانی سەرۆکی شارەوانی ئامەد و پارێزگاری ئەو شارە بوو.
 
ئەمڕۆش سەرۆکی فیدراسیۆنەکە دەچێتە چەند شوێنێکی دیکەی ئامەد، دوای ئەوە لە یاریگە ئامادەی یاریی نێوان هەردوو یانەی ئامەدسپۆر و ئیستەنبوڵ سپۆر دەبێت، لە رکابەرییەکانی خولی پلە یەکی تورکیادا.
 
یانەی ئامەدسپۆر، وەرزی رابردوو لە خولی پلە دوو یاریی دەکرد، لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی سووردا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا گەیشتە خولی پلە یەکی تورکیا.