چیرۆکی من؛ سارینا ڤیگمان.. ئەو خانمە راهێنەرەی لەپێناو تۆپی پێدا خۆی کردووەتە کوڕ

رووداو دیجیتاڵ

جلێکی کوڕانەی لەبەرکرد بۆ ئەوەی رێگەی پێبدەن لەگەڵ تیپی کوڕان یاریی تۆپی پێ بکات و دەرئەنجام بووە جێگەی قسەی جیهان.
 
پێدەچێت سارینا ڤیگمان راهێنەری هۆڵەندیی هەڵبژاردەی خانمانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، دیدێکی داهاتووی هەبووبێت کە وایلێکردووە پێداگری بکات لەسەر بەردەوام بوون لە دروستکردنی مێژوو لەنێو یاریگەکانی تۆپی پێدا.
 
لە چەند کاژێری رابردوودا هەواڵێک بڵاوبووتەوە، گوایە سارینا، بەربژێرە بۆ جێگرتنەوەی گاریس ساوسگەیتی راهێنەری هەڵبژاردەی پیاوانی ئینگلتەرا، کە ئەگەر ئەمە روویدا، سارینای هۆڵەندی دەبێتە یەکەم ژن لە مێژوودا کە ئەم پۆستە بەدەستبهێنێت.
 
ڤیگمان بووە بە قسەی رۆژنامەکان، دوای ئەوەی هەڵبژاردەی خانمانی ئینگلتەرا لەژێر سەرپەرشتی ئەودا توانی ئاستێکی بەرز لە لە مۆندیالی خانماندا پێشکێش بکات، کە گەیشتە یاریی کۆتایی، بەڵام بەرامبەر خانمانی ئیسپانیا دۆڕا.
 
سارینا ڤیگمانی هۆڵەندی، تاکە راهێنەرە لەسەر ئاستی پیاوان و ئافرەتان کە سەرکەوتوو بووە لە سەرکردایەتیکردنی دوو هەڵبژاردەی جیاواز بۆ یاریی کۆتایی مۆندیال، کە لە ساڵی 2019 هەڵبژاردەی خانمانی هۆڵەندای گەیاندە یاریی کۆتایی مۆندیال، بەڵام دۆڕا و نازناوەکە بۆ ئەمریکا بوو، ئەمساڵیش هەڵبژاردەی خانمانی ئینگلتەرای گەیاندە فیناڵ، بەڵام جارێکی دیکە دۆڕان.
 
مارک بولینگهام، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلتەرا، لە بەیاننامەیەکی سەرنجڕاکێشدا رایگەیاند کە بیر لە دامەزراندنی خانمە راهێنەرێک دەکاتەوە وەک راهێنەری هەڵبژاردەی خانمانی ئینگلتەرا، کاتێک گرێبەستەکەی ساوسگەیت لە کۆتایی ساڵی داهاتوودا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا کۆتایی دێت. گوتیشی "نابێت ئەو پۆستە سنووردار بێت و تەنیا تایبەت بێت بە پیاوان".
 
مارک بولینگهام زیاتر گوتی "بۆچی دەبێت پیاو بیت بۆ ئەوەی ببیتە راهێنەری پیاوان، پێموایە هەڵبژاردنی ئێمە هەمیشە باشترین کەس دەبێت بۆ ئەو کارە".
 
سارینا ڤیگمان کێیە؟
 
سارینا ڤیگمان لە 26ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 1969 لە لاهای لە هۆڵەندا لەدایکبووە و پێشتر یاریزانی تۆپی پێی هەڵبژاردەی خانمانی هۆڵەندا بووە، کە لە هێڵی بەرگریدا یاری کردووە. هەروەها یەکەم خانمە یاریزانی تۆپی پێی هۆڵەندییە، کە 100 یاریی نێودەوڵەتی بۆ وڵاتەکەی کردبێت.
 
رۆژنامەی سەنی ئینگلیزی، دەربارەی ئەو خانمە راهێنەرە رایگەیاندووە کە سارینا ڤیگمان کاتێک منداڵ بووە خۆی وەک کوڕێک پۆشیوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ تیپە ناوخۆییەکەی یاری بکات، بۆ ئەوەی ئێستا باسی بکرێت و پاڵێوراو بێت بۆ شوێنی گاریس ساوسگەیتی راهێنەری هەڵبژاردەی پیاوانی ئینگلتەرا.
 
تێکۆشان لەپێناو خەونەکەیدا
 
سارینا پێداگری لەسەر یاریکردنی تۆپی پێ دەکرد، بەو پێیەی ئەوکات لە وڵاتەکەی یاریکردنی کچان قەدەخە بوو، بەڵام برا دووانەکەی، تۆم ڤیگمان، یارمەتیدەرێکی باشی خوشکەکەی بوو، بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە یاریکردن و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە خەونەکەی.
 
کاتێک تەمەنی شەش ساڵ بوو و دەیویست یاری تۆپی پێ بکات، سارینا ڤیگمان قژی بڕی تاوەکو وەک کوڕێک دەربکەوێت بۆ ئەوەی بۆ یەکەمجار یاریی بۆ تیپی براکەی بکات، پاڵپشتی دایک و باوکیشی رێگەیان بۆ خۆشتر کرد.
 
کاروانی وەرزشیی سارینا
 
وەک یاریزانێک، ڤیگمان دووجار نازناوی جامی هۆڵەندا و دوو نازناوی خولی هۆڵەندای بردووەتەوە.
 
لە ساڵی 2006 دەستی بە کاری راهێنەرایەتی کردووە لەگەڵ تیپی تێر لیدی هۆڵەندی، و لە ساڵی 2007 لەگەڵیدا خول و جامی بەدەستهێناوە، پاشان چووەتە ریزەکانی تیپی ئادۆ دێن هاگ، کە لەگەڵیاندا لە ساڵی 2012 خولی خانمانی هۆڵەندای بردەوە و ساڵانی 2012 و 2013 جامی هۆڵەندای بەدەستهێنا.
 
ڤیگمان پەیوەندی بە ستافی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی هۆڵەندا کرد و لە مانگی ئابی 2014ـەوە بووە یاریدەدەری راهێنەر، لە ساڵی 2015 بەشێوەیەکی کاتی پۆستی راهێنەری هەڵبژاردەی نیشتمانیی گرتە ئەستۆ، ئینجا جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ پۆستی یاریدەدەری راهێنەر لەگەڵ ئەرکان ڤان دێر لان.
 
لە یەکەم قۆناخی بوونی لەگەڵ هەڵبژاردەی هۆڵەندا، سارینا سەرکەوتوو بوو لە بەدەستهێنانی مۆڵەتی مەشق و راهێنان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی هۆڵەندا. ئەو بووە سێیەم ژن کە ئەم کارە بکات، دواتر لە ساڵی 2016 مۆڵەتی راهێنانی یوفا پڕۆی بەدەستهێنا.
 
سارینا لە ساڵی 2017 پۆستی راهێنەری هەڵبژاردەی خانمانی هۆڵەندای وەرگرت، و سەرکەوتوو بوو لە سەلماندنی تواناکانی خۆی بە دەستپێکردنێکی سەرنجڕاکێش، کاتێک توانی نازناوی پاڵەوانێتی خانمانی ئەوروپای 2017 بەدەستبهێنێت، کە هەمان ساڵ  خەڵاتی باشترین خانمە راهێنەری جیهانی بەدەستهێنا.
 
سارینا ڤیگمان سەرکردایەتی خانمانی هۆڵەندای کرد بۆ ئەوەی بۆ دووەمجار لە مێژووی خۆیاندا بگەنە مۆندیال، هەروەها بۆ یەکەمجاریش گەیشتنە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2019. کە لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی هۆڵەنداوە رێزی لێگیرا و پەیکەرێکی بۆ ئەو خانمە لە باخچەی بارەگاکەیدا دروستکرد، سەرەڕای ئەوەی نازناوەکەی بەدەست نەهێنا.
 
 
قۆناخێکی نوێ
 
سارینا ڤیگمان، لە ساڵی 2021 رووی لە هەڵبژاردەی ئینگلتەرا کرد، لەوێشەوە دەستی بە کاروانێکی نوێ کرد لەگەڵ هەڵبژاردەی سێ شێرەکان، کە لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2023ـدا تیپەکەی بە هەشت گۆڵی بێبەرامبەر توانی لە هەڵبژاردەی خانمانی مەسەدۆنیای باکوور بباتەوە، لە پاڵاوتنەکانیشدا تووشی هیچ شکستێک نەبوو.
 
سارینا لە مێژووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرادا ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد، چونکە سەرکردایەتی یارییەکی کرد و بە ئەنجامی 20-0 لە لاتڤیای بردەوە و ژمارەی پێوانەیی پێشووی شکاند، کە لە ساڵی 2005 بە ئەنجامی 13-0 لە هەنگاریا بردەوە.
 
لە مانگی تەمموزی 2022 سارینا سەرکەوتوو بوو لە بەدەستهێنانی نازناوی یۆرۆی  خانمان لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دوای ئەوەی لە یاریگای وێمبڵی بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە ئەڵمانیای بردەوە، و خەڵاتی باشترین راهێنەری خانمان لە یوفا بۆ وەرزی 2021-2022 بەدەستهێنا. هەروەها خەڵاتی باشترین خانمە راهێنەری جیهانیش لە لایەن فیفاوە پێیدرا. کە سێیەمین جاربوو لە مێژووی خۆیدا.