ڤیدیۆ؛ نەیمار لە سعودیەیە و ئەمشەو بە میدیا و هاندەران دەناسێنرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

نەیمار داسیلڤا، ئەستێرەی تۆپی پێی بەرازیل بۆ پەیوەندیکردن بە یانەی هیلالی سعودی گەیشتووەتە ریاز و ئەمشەو بە میدیا و هاندەران دەناسێنرێت.
 
دوای ئەوەی یانەی هیلالی سعودی بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی نەیماری بۆ ریزەکانی راگەیاند، شەوی هەینی بە فڕۆکەیەکی تایبەت ئەستێرە بەرازیلییەکە لەگەڵ شاندێک لە خزم و نزیکەکانی یاریزانەکە گەیشتنە ریازی پایتەختی سعودیە و لەلایەن ژمارەیەکی زۆری هاندەرانەوە پێشوازی لە یاریزانە بەرازیلییەکە کرا.
 
نەیمار بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە دابەزی، ملپێچێکی یانەی هیلالی لە مل کرا و دوای ئەوەش واژۆی بۆ هاندەران کرد و بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت بەرەو شوێنی مانەوەی بەڕێکرا، بەبێ ئەوەی هیچ لێدوانێکی رۆژنامەڤانی بدات.
 
ئەمشەو یانەی هیلال لە خولی سعودیدا بەرامبەر یانەی فەیحا یارییدەکات، یارییەکە کاژێر 21:00 لە یاریگەی شا فەهد بەڕێوەدەچێت و 68 هەزار و 752 هاندەر دەتوانن لە یاریگەکەدا ئامادەبن، بەر لە بەڕێوەچوونی ئەم یارییە یانەی هیلال لە کەرنەڤاڵێکی گەورەدا نەیمار جونیۆر داسیلڤا وەک یاریزانی نوێی یانەکەی بەمیدیاکان دەناسێنێت و لەلایە هاندەرانی یانەکەوە پێشوازییەکی گەورەی لێدەکرێت.
 
ئاهەنگەکە کاژێر 19:15 خولەک دەستپێدەکات، نەیمار بەدرێسی هیلالەوە دەردەکەوێت، سڵاو لە هاندەرانی یانەکە دەکات و دوای ئەوەش قسە بۆ ئامادەبوون دەکات، کە ئەمە دەبێتە یەکدی بینینی راستەوخۆی نێوان ئەستێرە بەرازیلییەکە و هاندەرانی یانە سعودییەکە.
 
نەیمار گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان تەواونەکرد، بەرامبەر 90 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی هیلالەوە کرد، گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2025 دەبێت و لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا یاریزانەکە 300 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچە لە یانەکە وەردەگرێت.

 
نەیمار دوای پەیوەندیکردنی بە یانەی هیلالەوە لە یەکەم هەڤپەیڤیندا گوتی "من زۆر بەجۆشوخرۆشم، زۆریش دڵخۆشم بە هاتن بۆ خولێکی نوێ. ئەمە ئەزموونێکی نوێ و ئاڵنگارییەکی نوێیە، بێگومان دەمەوێت لێرە مێژوو بنووسمەوە".
 
وەک ئەوەی هەمووان دانیپێدادەنێن، لای نەیماریش، کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەو ئەستێرەیەبوو کە چوونی بۆ سعودیە دەرگای بەڕوی هەموو یاریزان و ئەستێرەکانی دیکەدا کردەوە. نەیمار لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەناڵی هیلال، دەڵێ لەسەرەتاوە هەمووان بە رۆناڵدۆیان دەگوت شێتە کە چووەتە یانەی نەسڕ، بەڵام ئێستا کاریگەرییەکەی دەردەکەوێت.