ڤینگەر دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا؟ خۆی وەڵامدەداتەوە

19-08-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئارسین ڤینگەر هەڵبژاردەی هۆڵەندا
A+ A-

رووداو دیجیتال

ئارسین ڤینگەر، راهێنەری باناوبانگی فەرەنسی، رەتیدەکاتەوە هیچ بیرۆکەیەکی هەبێت سەبارەت بە بوونی بە راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا.

دوای ئەوەی رۆناڵد کۆیمان وازی لە پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی هۆڵەندا هێنا بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، دەنگۆی ئەوە لە میدیاکانی جیهان بڵاوبووەوە کە ڤینگەر لەجیاتی کۆیمان پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی هۆڵەندا وەردەگرێت.

راهێنەری فەرەنسی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و رایگەیاند "هیچ بیرۆکەیەکی نییە سەبارەت بەوەی لە میدیاکانەوە دەگووترێت، گوایە ئەو دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا".

ئارسین ڤینگەر بە میدیاکانی گوت "من ئامادەنیم بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، ئەوەی دەگووترێت تەنیا درۆیەکی رۆژنامەکانە".

هەندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵیش باسیان لەوە دەکرد کە خودی ئارسین ڤینگەر داوای لە یەکێتیی تۆپی پێی هۆڵەند کردووە پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی هۆڵەندای پێبدات، بەڵام ڤینگەر لەو بارەیەوە گوتی "ئەو هەواڵە دوورە لە راستی، من لەبارەی ئەو پۆستەوە قسەم لەگەڵ هیچ کەسێک نەکردووە، بەڕاستی نازانم ئەو پرۆپاگەندانە لە کوێوە هاتوون، بەدڵنیاییەوە سەرچاوەکەیان من نیم".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە