مارسێلۆ: ریال مەدرید پێوستی بە یاریزانی دیکە نییە

مارسێلۆ بەرگریکاری ریال مەدرید، پێی وایە یانەکەی پێویستی بە گرێبەستی نوێ نییە بۆ وەرزی نوێی پاڵەوانێتییەکان لە مێرکاتۆی هاوینەدا.

مارسێلۆ لێدوانی بۆ رۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی داوە و لە وەڵامی پرساری ئەو رەخنانەی ئاڕاستەی دەکرێن، دەڵێت "لە یەکەم رۆژەوە کە پەیوەندیم بە ریال مەدریدەوە کرد، هیچ بایەخێکم بەو رەخنانە نەدا کە ئاڕاستەم دەکران، چونکە خۆم لە هەر کەس باشتر دەزانم کەی ئاستم بەرزە و کەیش ئاستم نزمە، بۆیە پێویستە خۆم بەردەوام لە هەوڵدا بم بۆ ئەوەی ئاستم بەرەو پێش ببەم".


لە وەڵامی پرساری ئایا ریال مەدرید پێوستی بە گرێبەستی دیکە هەیە، مارسێلۆ لە وەڵامدا دەڵێت "تیپەکەمان نایابە، ئەگەر بە باشی تەرکیزمان لەسەر کارکردنی رۆژانە هەبێت، دەتوانین سەرجەم نازناوەکان بەدەست بهێنن، هەرچەندە ئەوە کارێکی ئاسانیش نییە، بۆیە ئێمە پێویستیمان بە یاریزانی نوێ نییە و خاوەنی تیپێکی تۆکمە و بەهێزین".

لە کۆتایدا مارسێلۆ نهێنی ئەو تاتۆیەی ئاشکرا کرد لەسەر قۆڵی راستی دروستی کردووە و دەڵێت "هەمیشە باپیرم متمانەیەکی زۆری بە من هەبوو، لەگەڵ خۆی دەیبردم بۆ هەموو شوێنێک، هەموو هەوڵ و کۆششی ئەو لەو پێناوەدا بوو کە من ببینێت کە بووەمەتە یاریزانێکی پیشەگەر، ئەو تاتۆیەش کە لەسەر قۆڵم دروستم کردووە، وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلەیە کە بەردەوام باپیرم  منی پێ دەبرد بۆ مەشق و راهێنان".