بەفەرمی.. مانچێستەر یونایتد داوای مولەر دەکات
رووداو - هەولێر
یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی دەستەوارەیەکی زەبەلاحی پێشکەشی یانەی بایرن میونشن کردووە بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی تۆماس مولەری ئەستێرەی ئەو یانەیە.
رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی ئاشکرایکردووە مانچێستەر یونایتد بڕی 85 ملیۆن یۆرۆی پێشکەشکردووە بۆ بەدەستهێنانی ئەو یاریزانەی یانە باڤارییەکە، بەڵام پێدەچی بەرپرسانی میونشن نەیانەوێ ئەو یاریزانە بفرۆشن.
پێشتر کارل هاینز رۆمێنیگێی سەرۆکی ئەنجوومەنی یانەی بایرن میونشن رایگەیاندبوو یانەکەی لە هیچ ئەگەرێکی فرۆشتنی مولەر ناکۆڵێتەوە و هەواڵی رۆژنامەکانیشی رەتکردەوە و گوتی مولەر جێگەی قسە نییە، من خۆم وا هەستدەکەم ئەو بایرن بەجێناهێڵێت، دەمانەوێ لێرە بەردەوام بێت تا کۆتایی و تێکەڵی یانەکەی ببێت تا واز لە یاریکردن دەهێنێت.
سەرچاوەکان دەڵێن پەیوەندی مولەر و پیپ گواردیۆلای راهێنەری یانەکە باش نییە، بە تایبەت لە یاری وەرزی رابردووی نێوان یانە باڤارییەکە و بارسێلۆندا لە چامپیۆنزلیگ کێشەی زۆر لە نێوانیاندا هەبووە، ئەمە لە کاتێکدا کە مولەر لەگەڵ لویس ڤان خالی راهێنەری مانچێستەر یونایتد پەیوەندییەکی باشی هەیە.