ڤیدیۆ؛ فلامینگۆ ڤیدالی ناساند و یاریزانەکەش خەونی خۆی ئاشکرا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی فلامینگۆی بەرازیلی ئارتورۆ ڤیدال، ئەستێرەی چیلی و یاریزانی نوێی یانەکەی بە میدیاکان و هاندەران ناساند، یاریزانەکەش دەڵێت " ئامانجی من بردنەوەی هەموو نازناوەکانە لەگەڵ یانەکە."
 
ڤیدال دوای 15 ساڵ یارییکردن لە ئەوروپا گەڕایەوە ئەمریکای باشوور و چووە یانەی فلامینگۆی بەرازیلی و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بە میدیاکان ناسێنرا.
 
ڤیدال لە کۆنگرەکەدا گوتی " خەونی لە پێشینەی من بۆ هاتنم بۆ فلامینگۆ ئەوەیە هاوکاریی یانەکە بکەم بۆ بردنەوەی جامی لیبەرتادۆرێس، ئەمە گرنگترین شتە و کاتێک داوا لە یاریزانێکی وەک من دەکرێت بۆ یارییکردن بۆ فلامینگۆ ئەمە خەونی منە و هەموو هەوڵێکم لەپێناویدا دەخەمەگەڕ، یانەکە زۆر نازناوی بردووەتەوە جگە لە نازناوی لیبەرتادۆرێس کە ئەمە خەونی هەموو یاریزانێکی ئەمریکای باشوورە و منیش بەهیوای بردنەوەی ئەو نازناوەوە فلامینگۆم هەڵبژاردووە."
 
ئەستێرە چیلییەکە تەمەنی 35 ساڵە لە 2005 لە یانەی کۆلۆ کۆلۆی چیلی دەرکەوت، دوای ئەوە لە 2007 چووە یانەی بایرلیڤەرکوزن و پاشان لە یانەکانی یوڤێنتوس، بایرن میونشن و بارسێلۆنا یارییکرد و دوای ئەوەش روویکردە ئینتەرمیلان.
 
ئارتورۆ ڤیدال چوار نازناوی خولی ئیتاڵیا، سێ نازناوی خولی ئەڵمانیا و نازناوێکی لالیگای بەدەستهێناوە و یەکێک لە بەنێوبانگترین ئەستێرەکانی تۆپی پێی چیلییە لە مێژوودا.