بولگاریا هاوکاری بالەی عێراق دەکات

19-07-2021
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەب هەڵبژاردەی بالەی تازەپێگەیشتووانی عێراق
A+ A-

رووداو دیجتاڵ 

هەڵبژاردەی بالەی تازەپێگەیشتووانی عێراق، بەمەبەستی بەهێزکردنی ئاستی یاریزانانی کەمپێکی راهێنانی لە شاری سۆفیای پایتەختی وڵاتی بولگاریا کردەوە، بەر لە چوونە نێو پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەب لە تونس.

بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو یارییەکانی کێبرکێی وڵاتانی عەرەبی لە تونس بەڕێوەبچێت، هەڵبژاردەی بالەی تازەپێگەیشتوانی عێراق ماوەی دوو مانگە لەنێو ئامادەکارییەکی چڕدایە و بەر لە راهێنانەکان لە بولگاریا تیپەکە لەنێو کەمپێکی ناوخۆیدا بوو لە شاری سلێمانی.

سابیر عەبدولواحید، راهێنەری هەڵبژاردەی بالەی تازەپێگەیشتووانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "لە کەمپەکەی سلێمانی کەش و هەوایەکی نموونەییمان دیت لە رووی راهێنان و پابەندی یاریزانانەکانمان، دڵنیام لەو کەمپەی بولگاریا دەگەینە بەرزترین ئاستی توانای جەستەیی و بەرزکردنەوەی تەکنیکی یاریکردن بە ئەنجامدانی چەند یارییەکی دۆستانە لەگەڵ تیپەکانی شاری سۆفیا". 

یەکێتیی بالەی عێراق رێککەوتنێکی کارکردنی هاوبەشی لەگەڵ یەکێتیی بالەی بولگاریا واژۆکرد، بۆ ئەوەی راهێنەرانی عێراق بتوانن سەردانی بولگاریا بکەن و بۆ زیادکردنی ئەزموون و پێشکەوتنیان ماوەیەک کار لەگەڵ راهێنەری یانە و هەڵبژاردەکانی بولگاریا بکەن. 

شاکر عەلی، سەرپەرشتیاری هەڵبژاردەی بالەی تازەپێگەیشتووانی عێراق بۆ رووداو، روونیکردەوە "ئێمە مۆڕاڵمان بەرزە بۆ یارییەکانی وڵاتانی عەرەبی، کاری کارگێڕیی و هونەری تیپەکەمان لە بولگاریا زۆر باش دەڕوات و دڵنیام تیپەکەمان لە داهاتوودا ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات". 

یەکێتیی بالەی عەرەبی  لە راگەیاندراوی فەرمی خۆیدا رایگەیاند، سبەی دوایین واددەیە بۆ ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت ناوی خۆیان تۆماربکەن بۆ بەشداریکردن لە یارییەکانی پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبی لە تونس.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە