بەفەرمی.. یانەی بەشاکشەهیر بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی خولی تورکیا

19-07-2020
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

رووداو دیجیتال 

یانەی بەشاکشەهیر بۆ جاری یەکەم لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی خولی یانەکانی تورکیا، دوای ئەوەی گەڕێک بەر لە کۆتاییهاتنی خولەکە نازناوەکەی مسۆگەرکرد.

دوای ئەوەی شکستی بە یانەی کەیسەری سپۆر هێنا و رکابەرەکەشی کە یانەی ترابزۆن سپۆرە بە یانەی کۆنیا سپۆر 4-3 دۆرا، یانەی بەشاکشەهیر بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا نازناوی خولی تورکیای بردەوە.

نازناوی سوپەرلیگی تورکیا هەر لە شاری ئیستنەبوول مایەوە، بەڵام لە چنگی زلهێزەکانی وەک گالاتاسەرای، بێشکتاش و فێنارباخچە دەرچوو، دوای ئەوەی بە گۆڵێکی مەحمود تەکدەمیر یارییەکەیان 1-0 بردەوە.

بەشاکشەهیر کۆی خاڵەکانی بۆ 69 خاڵ بەرزکردەوە و حەوت خاڵ لەپێش یانەی ترابزۆن سپۆری دووەمەوەیە، لەدوای یارییەکەش یاریزانان لە نێو یاریگەدا ئاهەنگی سەرکەوتن و بەدەستهێنانی جامەکەیان گێڕا، هاندەرانیش لەسەر شەقامەکانی ئیستەنبوول بە ئۆتۆمبێلەکانیانەوە دەگەڕان و خۆشییان دەردەبڕی.

خولی تورکیا کە 1924ـەوە دامەزراوە و لە 1957ـەوە بە سیستمێکی نوێ بەڕێوەدەبرێت، لەو سیستمە نوێیەدا تا ئێستا تەنیا شەش یانە نازناوی خولەکەیان بەدەستهێناوە کە چواریان لە شاری ئیستەنبوولن، ماوەی 11 وەرزیشە لەسەریەک نازناوی خولەکە لەو شارە نەهاتووەتە دەرەوە، بەپێی سیستمە نوێیەکە یانەی گالاتاسەرای 22 جار نازناوەکەی بردووەتەوە و زۆرترینە، فێنارباخچەش 19 جار.

لە دێربی شاری ئیستەنبوولیشدا یانەی بێشکتاش بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی فەنارباخچەی بردەوە و بەفەرمی گەیشتە خولی ئەوروپی.

گۆڵی یەکەم دۆماگۆی ڤیدای کرواتی تۆماریکرد، گۆڵی دووەمیش هەر لە نیوەی دووەمدا بوو، کاتێک گۆخان گۆنیول بە لێدانی سەر کردی.

فێنارباخچە بەم دۆڕانە دابەزی بۆ پلەی حەوتەم، هەرچیی یانەی گالاتاسەرایشە لە پلەی پێنجەمە و 55  خاڵی هەیە و هیوای بۆ گەیشتن بە یۆرۆپالیگ نەماوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە