3 یاریزانی یانەی لیل تووشی کۆرۆنا بوون

19-07-2020
نیشانەکردن یانەی لیل
A+ A-

رووداو - هەولێر

یانەی لیلی فەرەنسی، تووشبوونی 3 یاریزانی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند و دووپاتیکردەوە کە دۆخی تەندروستییان باشە.

یانەی لیل، کە ئەمساڵ بە پلەی چوارەم لیگ وەنی تەواوکرد و وەرزی داهاتوو بەشداری لە یۆرۆپالیگدا دەکات، لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا تووشبوونی سێ لە یاریزانەکانی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند.

یانە فەرەنسییەکە لە بڵاوکراوەکەیدا، ناسنامەی ئەو سێ یاریزانەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بەپێی رۆژنامەکانی فەرەنسا بێت، ئەو سێ یاریزانە بریتین لە هەریەک لە ریناتۆ سانچێز، جۆناسان ئیکۆنی و جۆناسان بامبا.

کریستۆف جالتێی بەڕێوەبەری هونەریی یانەکە، لەو بارەیەوە گوتی "ئەو سێ یاریزانەمان ئێستا لە ماڵەکانیان کەرەنتینەن، هیوادارم زوو بگەڕێنەوە، رۆژانە چاودێرییان دەکەین".

کریستۆف هەروەها گوتیشی "ئەوان 8 رۆژ مۆڵەتیان بۆ پشوو وەرگرتبوو، لەو رۆژانەدا تووشی ڤایرۆسەکە بوونە، دۆخی تەندروستییان باشە، بەڵام دەبێ چاوەڕێی ئەنجامەکانی پشکنینەکانی داهاتوویان بکەین".

خولی فەرەنسا لە گەڕی 29ـوە بەهۆی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا راگیرا و دواتریش بەپێچەوانەی 4 خولە گەورەکەی دیکەی ئەوروپا، دەستیپێنەکردەوە و یەکێتیی تۆپی پێی فەرەنسا بڕیاریدا خولەکە کۆتایی پێبهێنێت و پاریس سانجێرمانی وەک پاڵەوان دەستنیشانکرد، بەو پێیەی لە پێشەنگی ریزبەندیی بوو.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە