گۆڵکاری خولی کوردستان دەگەڕێتەوە یانەی هەولێر

19-07-2020
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن دیار عەلی یانەی هەولێر
A+ A-

رووداو-هەولێر

یانەی هەولێر بەمەبەستی دروستکردنی پێکهاتەی نوێی تیپی خولی نایابی عێراق، دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ سێ یاریزانی شاری سلێمانی واژۆ بکات.

ئەمساڵ یانەی هەولێر بەسەرکردایەتی رادان گاسانینی راهێنەر، دەیەوێت بەپێکهاتەیەک کە سێبەشی یاریزانەکانی کورد بن بەشداریی بکات لە خولی عێراق.

محەممەد خۆشناو، ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕیی میدیایی رووداو رایگەیاند" لە دواین کۆبوونەوەماندا لیژنەیەکمان دروستکرد بۆ هێنان و دەستنیشانکردنی یاریزانان و گفتۆگۆ لەگەڵیان، تایبەت بایەخێکی زۆر بە یاریزانی کورد دەدەین، لەوانەش هەریەک لە دیار عەلی، شێروان کوردستان، شوانە مەحموود لە ناو ئەو ناوانەدان گفتوگۆی گرێبەستیان لەگەڵ دەکەین".

یانەی هەولێر خاوەن چوار نازناوی خولی یانە نایابەکانی عێراقە، هەروەها دووجار پلەی دووەمی لە جامی یەکێتیی یانەکانی ئاسیا بەدەستهێناوە.

ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر، لەبارەی یاریزانانی کوردی خۆیانەوە، جەختی لەسەرئەوەکردەوە "لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ یاریزانەکانمان دادەنیشین و دەمانەوێت گرێبەستیان لەگەڵ نوێ بکەینەوە بەپێی خواستی راهێنەر، هەروەها رادان گاسانین بەر لە مانگێک لە دەستپێکردنی خولی عێراق دەگەڕێتەوە شاری هەولێر".

دیار عەلی، کە بە حەمکە ناودەبرێت، پێشتر یاری بۆ یانەی هەولێر کردووە و سێ وەرزە بەسەریەکەوە لەگەڵ یانەی نەورۆز دەبێتە گۆڵکاری خولی نایابی کوردستان، یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی یانەی هەولێر، کە دەیەوێت بە گەڕاندنەوەی یاریزانە کۆنەکەی هێڵی هێرشبردنەکەی بەهێزتر بکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە