نوێترین هەواڵەکانی گواستنەوەی یاریزانان


رووداو – هەولێر

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی لە هەنگاوێکی نوێدا هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی ئیدین هازارد، ئەستێرەی 27 ساڵی بەلجیکی و یانەی چێڵسی ئینگلیزی دەستپێکردووە و دەیەوێت عوسمان دێمبێلی، 21 ساڵ بەرامبەر ئەو یاریزانە بداتە یانەی چێڵسی، لەکاتێکدا راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باسی نزیکبوونەوەی هازارد لە ریال مەدرید دەکەن.

( میترۆ ، ئۆندا سێرۆ)

یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی خۆی لە گواستنەوەی نەبیل فەقیر، یاریزانی 25 ساڵی یانەی لیۆنی فەرەنسی کشاندەوە، بەهۆی ئەوەی یانەکە هەموو هەوڵەکانی لەپێناو گواستنەوەی ئەلیسۆن بیکەر، گۆڵپارێزی یانەی رۆمای ئیتالی خستووەتە کار.

(دەیلی مەیل)

ماوریسیۆ ساری، بەڕێوەبەری هونەری نوێی یانەی چێڵسی ئینگلیزی دوای جێگرتنەوەی ئەنتۆنیۆ کۆنتی دەیەوێت چەند گۆرانکارییەک لە یانەکەدا ئەنجامبدات و داوای هەریەکە لە گۆنزالۆ هیگواینی 30 ساڵ و دانیێل روگانی 23 ساڵ یاریزانانی یانەی یوڤێنتوس دەکات و روگانی بەتەواوی لە پەیوەندیکردن بە یانەکە نزیکبووەتەوە.

(ئێڤنینگ ستاندەرد)

نەیمار داسیلڤا، ئەستێرەی بەرازیلی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دەیەوێت لە یانەکەی بمێنێتەوە، لەکاتێکدا چەند هەفتەی رابردوو دەنگۆی هەوڵەکانی ریال مەدرید بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە بڵاوکراوەتەوە.

(ئێل پایێس)


یانەی چێڵسی ئینگلیزی لە گواستنەوەی ئەلیکساندەر گۆلۆڤین، یاریزانی رووسی 22 ساڵ و یانەی سیسکا مۆسکۆی رووسی نزیکبووەتەوە، دوای ئەو ئاستە بەرزەی یاریزانەکە لە مۆندیالی 2018ـی رووسیا لەگەڵ هەڵبژاردەکەی پێشکەشیکرد.

( میرەر)

یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، ئەستێرەی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی و تیاگۆ ئەلکانتارای ئیسپانی و ئەستێرەی هێلی ناوەڕاستی یانەکە دەستپێکرد و دەیەوێت ئەو دوو یاریزانە بباتە ریزەکانی، جگە لەوەی تۆبی ئالدەرفێڵد، یاریزانی یانەی تۆتێنهامیش یەکێکی دیکەیە لە ئامانجەکانی رێد دیڤڵز.

(ئیندیپێندێنت)

تیاگۆ ئەلکانتارا، یاریزانی ئیسپانی و یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی دوای پێبج ساڵ لە بەجێهێشتنی ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا و بردنەوەی 5 نازناو لەگەڵ یانەکە دەیەوێت جارێکی دیکە بگەڕێتەوە ئەو یانەیە.

(ئەی ئێس)

ماتیۆ دارمیان، بەرگریکەری 28 ساڵی یانەی مانچێستەر یونایتد نزیکبووەتەوە لە بەجێهێشتنی یانەکە و پەیوەندییکردن بە ریزەکانی یانەی یوڤێنتوس دوای ئەوەی 3 ساڵ لە ئۆڵدترافۆرد یارییکرد.

(فۆتبۆڵ ئیتالیا)