نامەکانى نێوان ماوریسیۆ پۆچیتینۆ و مارسێلۆ بێلسا

 رووداو - هەولێر

مارسیلۆ بێلسا یەکێکە لە رێڕۆشنکەرەوە گەورەکانى بەشى زۆرى ئەو راهێنەرانەى بە تەکتیکى هێرشبەرى یاریى دەکەن. لەگەڵ ناوهێنانى بەشێک لە راهێنەرە نوێگەرەکان، هاوکات ناوى مارسێلۆ بێلسا وەک مەرجەعى ئەو راهێنەرانە دەبیستین، چونکە کاریگەرییەکى گەورەى لەسەر گواردیۆلا، خۆرخێ سامپاولى و ماوریسیۆ پۆچیتینۆ هەیە. پۆچیتینۆ چ لە یانە و چ لە هەڵبژاردە، یەکێک بوو لەو یاریزانە گوێڕایەڵانەى مارسێلۆ بێلسا، بەجۆرێک پۆچیتینۆ ناتوانێ جادووى بێلسا لەسەر ژیانى وەرزشیى چ وەک یاریزان و چ وەک راهێنەر کەم بکاتەوە. ئەوەتا کۆمەڵێک نامەى نێوان ئەم دوو راهێنەرە بڵاوبووەتەوە، کە بەدرێژایى ماوەى کارکردنى لە خولى ئینگلیزیى، بەردەوام رێنمایى لە بێلسا وەرگرتووە بۆ راستکردنەوەى هەڵەکان و پێشخستنى فیکرى خۆى، ویستوویەتى لە دنیاى راهێنەریدا شوێنپێى بێلسا هەڵگرێت. ئەمە بەشێک لە ئاڵوگۆڕى نامەکانى نێوان ماوریسۆ پۆچیتینۆى خوێندکار و مارسێلۆ بێلساى مامۆستایە، کە لە یەکەم وەرزى دەستبەکاربوونى وەک راهێنەرى ساوسهامبتۆت، ئامۆژگارى و سەرنج و پێشنیازى لە بێلسا وەرگرتووە، تا وێستگەى کارکردنى لە پرێمەر لیگ سەرکەوتوو بێت. 

نامەى ماوریسیۆ پۆچیتینۆ بۆ مارسێلۆ بێلسا
 
ئازیزەکەم میستەر بێلسا:

بێگومان دۆخى ئێرە زۆر سەیرە! خواردنیان زۆر ناخۆشە! خەڵکى لێرە نغرۆى نێو خۆیان بوون، بەتەواوى دابڕاون لەوەى لە دەرەوەى ئینگلتەرا روودەدات. زانیارییان لەبارەى منەوە، تەنیا لەوەدا کورت بووەتەوە کە من بوومە هۆکارى ئەو پەناڵتییە نەفرەتییەى مۆندیالى ٢٠٠٢ کە بۆ ئینگلتەرا هەژمار کرا و دیێڤد بێکهام گۆڵەکەى پێ تۆمار کرد. ئەو یارییەیان ناو لێ ناوە یاریى تۆڵەسەندنەوە. درووشمى نووسراوى سەر  ئەو لافیتانەى، کە هاندەران بەرزى دەکەنەوە، پشتیوانییە بۆ ((نایگڵ ئەتکینز))ى راهێنەرى پێشووى ساوسهامبتۆن. پێموایە  بڕیارى وازهێنان بدەم، بڕیارەکەم دەچێتە خانەى بێویژدانییەوە. پێ دەچێت کارکردن زۆر لەوە سەختربێت کە من دەمهێنایە پێشچاوى خۆم. سەربارى هەموو ئەمانە لە پێکهاتەى تیپەکەمدا ((ساوسهامبتۆن)) کۆمەڵێک یاریزانى زۆر باش هەن، کە بەباشى دەتوانم سوودیان لێ وەرگرم، ئەوانى دیکەش بۆ پێشخستنى ئاستیان پێویستییم بەوەیە کارى زۆریان لەسەر بکەم، بابزانین لەنێو ئەکادیمیاى نێودارى ئەلسینتس، چ توانایەکى شاراوە هەیە تا سوودى لێ وەربگرم بۆ یانەى ساوسهامبتۆن.

لەگەڵ رێز و خۆشەویستى ماوریسیۆ ٢٠ یەنایەرى ٢٠١٣ 

 

وەڵامى مارسێلۆ بێلسا

ئازیزم ماوریسیۆ

تۆ بۆچوونى من دەربارەى کەسایەتى خۆت دەزانیت، کە تۆ راهێنەرێکى نایابیت.

گوێ بە هەڵچوون و توڕەیى ئەوان مەدە. چى دەڵێن بابیڵێن، گوێ بە قسەى هەلەقومەلەقى ئینگلیز مەدە. وێستگەى کارکردنت لە ئیسپانیا داهێنەرانەبوو، بەڵام ئەوان زیاتر بەخۆیانەوە سەرقاڵن و بە راهێنەرە ئینگلیزەکان سەرسامن تەنیا ستایشى راهێنەرى ئینگلیزیى دەکەن، بیهێنە پێشچاوى خۆت، ئەگەر بهاتبایە، هارى رێدناب لە نێو یاریگەى نیوکامپ بەسەر گواردیۆلا سەربکەوتایە، ئەوان بەجۆرێکى نائاسایی ستایشیان دەکرد. ئەوکات دەیانگوت هارى رێدناب شایستەى ئەوەیە ببێت بە راهێنەرى ریال مەدرید، یان شایەنى ئەوەیە ببێت بە شوێنگرەوەى پادشا. تۆ بەردەوامبە، من متمانەم پێت هەیە. دڵنیام تۆ سەرکەوتوو دەبیت.

لەگەڵ رێزى مارسێلۆ بێلسا

٢٤ى یەنایەرى ٢٠١٣

 

 تێبینى: وەرگێڕ

مەبەستى بێلسا لە نموونە هێناوەى گریمانەى سەرکەوتنى هارى ریدناب ئەوەیە، کە ماوریسیۆ پۆچیتینۆ کاتێک راهێنەرى ئیسپانیۆل بوو، لە یاریگەى کامپ نو توانى بەسەر بارسێلۆنا گواردیۆلا سەرکەوێت. دەیەوێت بە ماوریسیۆ بڵێ، ئەوان تەنیا خۆیان دەبینن، لە ئاست سەرکەوتنى راهێنەرى بێگانە نابینان، یان نایانەوێ ئەو ڕاستییە ببینن، کە تۆ ڕاهێنەرێکى بەسەر گواردیۆلا سەرکەوتنت بەدەسهێناوە.

مەبەست لە ئەدکینز:

 

وێنەى نایجڵ ئەتکینز و پۆچیتینۆ

ماوریسیۆ پۆچیتینۆ لە شوێنى نایگڵ هاوارد ئەتکینز دەستبەکاربوو، ئەدکینز لە ساڵى ٢٠١٠ تا ٢٠١٣ راهێنەرى ساوسهامبتۆن بوو. 

نامەى دووەم

ئازیزەکەم میستەر بێلسا

بەجۆرێک لە جۆرەکان دۆخەکە بەرەو باشبوون دەچێت، لێرە تیپى لاوان زۆر نایابە، لەگەڵ کەمى گرێبەست بەڵام دەتوانین بۆ وەرزێکى نوێ، تیپێکى زۆر باش پێکبهێنین. ئەوەى دڵخۆشم دەکات ئەوان شتى زۆر باش فێربوون، لەو حەوت یارییەى سەرەتاى خولەکە، تەنیا دوو گۆڵمان لێ کراوە. هەمان تیپ وەرزى رابردوو لە حەوت یاریى سەرەتاى وەرز ٢٠ گۆڵى لێ کرابوو. گوێبیستى هەندێک دەنگ و چرپەچرپ دەبم کە بە تەریقبوونەوەوە باسى سەرکەوتنى کارەکانى ئێمە دەکەن. تۆ دەزانیت چەند بە سەختى گەیشتم بەم قۆناغە.
لەگەڵ ڕێزى ماوریسیۆ ٧ى ئۆکتۆبەرى ٢٠١٣  

ئازیزم میستەر بێلسا

وەڵامى دوایین نامەت نەدامەوە، لەوەش تێدەگەم کە چەندە سەرقاڵیت. بەڵام مەبەستمە وەک هەمیشە بۆ هەر کارێک پرس و راوێژت پێ بکەم. لەم دوایانەدا تووشى ئاستەنگى بووم لە چۆنییەتى گواستنەوەى یاریزانانى هێڵى ناوەند لە ناوچەى ٧ و ٨ و ٩ بۆ ناوچەى ١٢، ١٣ و ١٤ بەڵام دۆخەکە بەو شێوەش خراپیش نییە، ئێمە  لە هەنگاوى یەکەمدا بەشێوەیەکى نایاب و دروست کۆتاییى بە هێرشەکان دەهێنین بەڵام دەمەوێ هانى یاریزانانى تیپەکەم بدەم، زیاتر بچنە پێشەوە بۆئەوەى هەنگاو بنێن و یاریى بگوازنەوە بۆ ئەوەى بتوانن لە کاتى وەرگرتنەوەى تۆپ مەترسى لە نزیک گۆڵى تیپى دژبەر چێ بکەین، بۆئەوەى لە ناوچەى تیپى بەرانبەر تۆپ بەدەست بهێنین. هیچ تێبینیی و سەرنجێکت هەیە؟

ڕەنگە لە رێگەى ئەم وێنەیەوە باشتر مەبەستى خۆم بۆ تۆ روون بکەمەوە، کە من لە چیدا گرفتم هاتۆتەپێش.

تێبینى: وەک هاوپێش ڤیدیۆى هەندێ یاریزانت بۆ دەنێرم یان دەتوانى لە یۆتوب تەماشاى ئاستیان بکەیت، بۆ نموونە (لۆک شاو)رەنگە یەکێک بێت لەو بەرگریکارانەى باڵى چەپ، کە بەبۆچوونىبە کەمتر لە دوو ساڵى داهاتوودا ببێت بە یەکێک لە باشترین بەرگریکارەکانى باڵى چەپ لە ئینگلتەرا.

دڵسۆزى خۆت
ماوریسۆ
٤نۆڤەمبەرى ٢٠١٣

  

ئازیزەکەم ماوریسیۆ داواى لێبووردن دەکەم لە درەنگ وەڵامدانەوەى نامەکەت، لە راستیدا بایى ئەوە دەرفەتم نەبووە تەماشاى زۆربەى یارییەکانى ساوسهامبتۆن بکەم، ئەوەى سەرنجمداوە گرفتەکە زیاتر لە هێڵى پێشەوە بەدى دەکرێت، وەک لە هێڵى ناوەڕاست.

سەربارى ئەو هەموو گەشە کردنە و سەختى یارییەکە، بەرگریکردن غەریزەیەکە لە جەوهەرى مرۆڤدایە، ئەو غەریزیە دیاردەیەکە بە دەگمەن دەتوانى بەسەریدا زاڵبیت، وا تێدەگەم، یاریزانەکانى هێڵى ناوەندت، وەک پێویست هاوکاری و پاڵپشتییان لەلایەن سێ یاریزانەکەى هێڵى هێرشبەرییەوە پێ ناگات، هەرئەمەش پاڵنەرى سەرەکییە، کە یاریزانەکانت لە پاڵپشتى هێڵى هێرشبەرى دوادەکەون. کارکردنى زۆر لەسەر عەقڵییەتى سێ یاریزانەکەى هێڵى هێرشبەرى، ئەوەى تۆ دەتەوەێ پێت دەبەخشێت. ئەوەى پێت دەڵێم تاقى بکەوە، زەرەر ناکەیت.

 

نامەوێ ئەوە لەبیر بکەم، کە پیرۆزباییت لێدەکەم، بەهۆى گواستنەوەى ((لۆڤرین و ئۆسڤاڵدۆ)) بۆ ریزەکانى یانەى ساوسهامبتۆن. تۆ دەزانیت وانیاما لە چەشنى ئەو یاریزانانە نییە، کە دڵخواز و پەسەندى تۆ بێت، بەڵام دەتوانێ  واى لێ بکەیت کە شتى زۆرت پێ ببەخشێت، لەڕووى جەستە پتەوییەوە کەسێکى بەهێزە، دڵنیام تۆ دەتوانیت بەو شێوە رامى بکەیت، کە خۆت دەتەوێت.

تێبینى: چەند دیمەنێکى یاریزانى باڵى چەپى بەرگری تیپەکەت لۆک شاوم بینى، ئەو یاریزانێکى نایابە، زۆر بووە جێى سەرنجم. بەڵام ((وۆر براوز)) هاوشێوەى یاریزانە  گشتگیرە کلاسیکییەکانى ئینگلیزە.

لەگەڵ رێزى مارسێلۆ بێلسا
٢٠ى نۆڤەمبەرى ٢٠١٣

 

ئازیزەکەم  مامۆستا بێلسا

وەک هەمیشە تۆ راست دەکەیت، نازانم بۆ خاڵێکى ئاوها ژیرانەم لەبیر کرد!

هەفتەى داهاتوو یاریى ژمارە ٢٣ لەگەڵ یانەکەم بەڕێوە دەبەم، بە بەراورد بە وەرزى رابردوو لەم قۆناخەدا، توانیومانە ١٠ خاڵ زیاتر کۆبکەینەوە، ٦ گۆڵ زیاترمان تۆمار کردووە. ١٨ گۆڵ کەمترمان لێ کراوە. باوەڕ ناکەم ئێستا کەسێک هەبێ بیرى ئەدکینز بکات و واهەست بکات ئەدکینزیان لەدەست چووە.

 لەگەڵ رێزى ماوریسیۆ
٢٠ى نۆڤەمبەرى ٢٠١٣

 

  ماوریسیۆ ئازیزەکەم


دەزانم  من بەخێرایى  و وەک پێوست لە کاتى خۆیدا وەڵامى نامەکانتم نەداوەتەوە. دەبێ  هەوڵبدەیت ئەم رۆژانەى پێیدا تێپەڕ دەبیت، بەباشى چێژى لێ وەربگریت، زۆر بەباشى خوێندنەوە بۆ هەنگاوەکانى داهاتووت بکە. نیوەى سەرکەوتن، دەگەڕێتەوە بۆ پلاندانان.

هەروەک چۆن لە کەمکردنەوەى بایەخى تۆ زیادەڕۆییان کرد، ئێستایش دەبێ ئاگەداربیت، ئینگلیز لە پەسنکردنى کەسێکى سەرکەوتووش زیادەڕۆیى دەکەن. باشترین چارەسەر ئەوەیە، فەرامۆشیان بکەیت. بۆ ئێستاى تۆ تەنیا ئەوە چارەسەرە، کە گوێ بەهیچ نەدەیت و تەنیا بیروهۆشت لاى کارەکانى خۆت بێت.

کاتێک دەڵێم پشتگوێیان بخە، بەومانایە نایەت دەستکەوتە گرنگ و نایابەکانت بۆ جێگەى بایەخ و دڵخۆشیى نەبێت. ئێستا تۆ لەگەڵ یانەى ساوسهامبتۆن گەیشتوویت بە زۆرترین رێژەى بەدەستهێنانى خاڵ،  کە ئەمە سەرەتاى دەستپێکى کارکردنى  تۆیە لە پرێمەر لیگ، ئەوە بەماناى ئەوە دێت، هەنگاوەکانى داهاتووت زۆر گرنگ و  گەورە دەبن.

مارسێلۆ بێلسا شانازییەکى زۆرت پێوە دەکات،
٢٠ى ئایارە ٢٠١٤

  

بەپێچەوانەى ئەوەى بەڕێزت بیرى لێ دەکەیتەوە، من هەمیشەبە تاسەوە چاوەڕوانى نامەکانى تۆم. شانازیى بۆ خۆمەوە دەکەم، لەبەرئەوەى تۆ مامۆستا شانازیى بە منەوە دەکەیت. ئامۆژگارییەکانت هەمیشە یارمەتى باشى داوم و زۆر هاوکارم بووە. لەوە تێدەگەم، هاوشێوەى پیپ گواردیۆلا لە وەرزێکدا شەش نازناوم لەگەڵ بەرشەلۆنە بەدەست نەهێناوە، یان بە چەشنى خۆرخێ سامپاولى هەڵبژاردەیەکى وەک شیلییم نەردووەتە ئاستى لووتکە، بەڵام رۆژ لەدواى رۆژ واهەست دەکەم، پێکەوە گرێدانى نێوان من و ئەم دوو راهێنەرە زیاتر دەبێ، بێگومان هەریەکێک لە ئێمە خاوەن کەسایەتى خۆیەتى، بڕیار و بژاردەمان جودایە، بەڵام لانیکەم خاڵى هاوبەشى نێوان من و پیپ و سامپاولى ئەوەیە، کە یەک چەتر کۆماندەکاتەوە، ئەو چەترەش تۆیت. گوێم لێ بووە باسی تۆیان دەکرد و ئەوەی راهێنەران بەدەستیان هێناوە بە فەزڵ و چاکەی تۆیان دەزانی، منیش بەخۆمم دەگوت: رۆژێک دێت منیش دەستکەوتی لەو جۆرەم دەبەم بەهۆى فەزڵ و چاکەى میستەرەوە.

هیوام گەورەیە، کە دڵنیام  دواجار ئەو ڕۆژە هەر دێت. 

پێکهاتەى هەڵبژاردەى ئەرژەنتبن

تێبینى: هاوپێش لەگەڵ نامەکە هەندێ وێنەت بۆ دەنێرم، کە ئیشەکانى ئەم وەرزەى من، بە بەراورد بە ئامارەکانى وەرزى رابردوو، زیاتر رووندەکاتەوە، پێمخۆشە بۆچوونى تۆى لەبارەوە بزانم، ئەم وەرزە نەمتوانى هیچ نازناوێک بەدەست بهێنم، بەڵام ئەو ئەنجامانە هیى تیپێکە کە لە لیستى پاڵەوانەکاندا بێت.
 
دڵسۆزت: ماوریسیۆ پۆچیتینۆ
٢٢ى مایۆى ٢٠١٤  

ماوریسۆى ئازیز

ئەگەر بەدەستهێنانى نازناو پێوەرى سەرکەوتن بێت، ئێستا ئێمە بۆچى پێکەوە گفتوگۆمان دەکرد.
هەموومان ئاواتەخوازین ئەمە ڕووبدات، من متمانەى تەواوم بەتۆ هەیە.
 بە شانازییەکى زۆرەوە ئەو نامەیەم بۆ نووسیوى

مارسێلۆ بێلسا
٢٥ى مایۆ ٢٠١٤


وێنەى مارسێلۆ بێلسا لەکاتى راهێنان بە یاریزانانى هەڵبژژاردەى ئەرژەنتبن، کە ئەوکات پۆچیتینۆ یەکێکبوو لە بەرگریکارە سەرەکییەکانى هەڵبژاردەکە