ڤیدیۆ؛ هاندەرێکی جۆرجی بە مۆتۆری دیلیڤەری دەچێتە ئەڵمانیا

 
رووداو دیجیتاڵ

هاندەرێکی جۆرجیا سەرکێشەییەکی گەورە دەکات و 6 وڵات بە مۆتۆری دیلیڤەری دەبڕێت بۆ ئەوەی لە یۆرۆدا پاڵپشتی وڵاتەکەی بکات.
 
شادیمان خارشیلادزی، هاندەرێکی هەڵبژاردەی جۆرجیا، تەمەنی 35 ساڵە و کاری دیلیڤەری دەکات، لە تبلیسی پایتەختی جۆرجیا بە مۆتۆرەکەی بەرەو شاری فیلبرتی ئەڵمانیا بەڕێکەوت، بۆ ئەوەی لە یۆرۆدا پاڵپشتی هەڵبژاردەکە بکات.
 
هاندەرەکەی جۆرجیا 4 هەزار کیلۆمەتری بە مۆتۆرە تایبەتەکەی بڕی و 12 رۆژ بە رێگەوە بوو، تەنیا بۆ گەیشتن بە ئەڵمانیا و ئامادەبوون لە یارییەکانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیدا.
 
یاریزانەکانی جۆرجیا پێشوازییەکی گەورەیان لەو هاندەرە بە وەفایەیان کرد، هاندەرەکە ئاڵایەکی گەورەی وڵاتەکەی پێشکێشی تیپەکە کرد و بەیەکەوە وێنەی یادگاریان گرت.
 
شادیمان بەدێژایی قۆناخی کۆمەڵەکان لە ئەڵمانیا دەبێت، بۆ ئەوەی پاڵپشتی تیپەکەی بکات، لەکاتێکدا یەکەمجارە جۆرجیا بەشداری لە یۆرۆدا بکات.
 
ئەو هاندەرەی هەڵبژاردەی جۆرجیا دەڵێت "ئەستەمە تەواوی گەشتەکە بگێڕمەوە، کە 12 رۆژی خایاندووە و بە ماتۆڕسکیلێکەوە بوو. گەرمایەکی زۆر بوو لە تورکیا، لەسەر دەستەکانم ئەم پەلە رەشانە دەبینن. لە هەنگاریا باران دەباری، لە نەمسا بایەکی زۆر بەهێز بوو، بەڵام سەرەڕای بەربەستەکان ئەمڕۆ ئەو مەودایەم بڕی بۆ ئەوەی لێرە بم."
 
جۆرجیا یەکەمجارە لە مێژوویدا بەشداری لە رکابەرییەکانی یۆرۆدا دەکات، لە یەکەم یارییدا بە گۆڵێک بەرامبەر سێ گۆڵ بە تورکیا دۆڕا و یاریی داهاتوویان بەرامبەر چیک دەبێت.