نوێترین هەڤپەیڤینی لیۆ مێسی.. بەربژێری بردنەوەی کۆپا ئەمریکا ئاشکرا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

لیۆنێل مێسی، لە هەڤپەیڤیبێکی نوێدا، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە پێشەنگی بەربژێرانی بردنەوەی پاڵەوانێتی کۆپا ئەمریکای 2024 دادەنێت. هەروەها باس لە هەڵوێستی خۆی دەکات سەبارەت بە بەشداریکردن لە مۆندیالی 2026.
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا میوانداریی جامی ئەمریکای 2024 دەکات، لە 20ـی حوزەیران تاوەکو 14ـی تەممووز.
 
هەموو چاوەکان لەسەر مێسی و هاوڕێکانینە، بەو پێیەی ئەوان پاڵەوانی وەشانی رابردوون و بەرگری لە نازناوەکە دەکەن، جگە لەوەی پاڵەوانی جیهانن دوای بردنەوەی دوایین خولی جامی جیهانی 2022.
 
16 تیپ بەشداری پاڵەوانێتییەکە دەکەن، کە دابەشکراون بەسەر 4 کۆمەڵەدا، لە نێوان ململانێیەکی گەرمی نێوان نوێنەرانی تیپەکانی ئەمریکای باشوور (کۆنمێبۆڵ) و نوێنەرانی کۆنکاکاف.

 

ئەرجەنتین لە 20ـی ئەم مانگە لە پاڵەوانێتییە کیشوەرییەکەدا بەرامبەر کەنەدا گەشتەکەی دەستپێدەکات، دواتر لە 25ـی مانگدا رووبەڕووی چیلی دەبێتەوە، پاشان پێنج رۆژ دواتر بەرامبەر پێرۆ یاری دەکات.
 
مێسی لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنی نوێدا، گوتی "ئێستا، من چێژ لە هەموو کاتەکانم لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی وەردەگرم، چونکە دەزانم رۆژێک دێت هەموو شتێک کۆتایی دێت و بیری هەموو شتێک دەکەم".
 
سەبارەت بە پاڵەوانێتی کۆپا ئەمریکا، لیۆ گوتی "ئەرجەنتین هەمیشە بەربژێرە بۆ بردنەوەی کۆپا ئەمریکا، بەڵام بەهۆی سروشتی خۆمانەوە، وادیارە هەمیشە وا بیردەکەینەوە کە ئێمە باشترینین، چونکە ئێمە پاڵەوانی جیهانین، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە بردنەوە ئاسانە، ئیکوادۆر نەوەیەکی گەنجی نایابی هەیە، لە رووی جەستەییەوە بەهێزن، هەروەها کۆڵۆمبیا، ئۆرۆگوای، بەرازیلیش هەن، کۆپا ئەمریکا زۆر رکابەری دەبێت، دەبێت بەردەوام بین لە هەمان هەوڵەکانمان و خواستێکی گەورەترمان هەبێت بۆ بردنەوە، دەبێت رکابەری بکەین بۆ ئەوەی بگەینە لوتکە".

 

 
سەبارەت بە ئەگەری بەشداریکردن لە مۆندیالی داهاتوودا، کە لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، مێسی جەختی لەوە کردەوە "نازانم بەشداری مۆندیالی داهاتوو دەکەم یان نا. ئەوە بەندە بەوەوە کە رۆژ بە رۆژ شتەکان چۆن دەڕۆن، ئەمڕۆ هەست بەباشی دەکەم و هەست بە باشتربوون دەکەم".
 
سەبارەت بە یادگارییەکانی بردنەوەی مۆندیالی 2022، کە لە قەتەر بەڕێوەچوو، مێسی ئاماژەی بەوەدا "تاوەکو ئەمڕۆش لە گرتە ڤیدیۆیەکانی ئەو رۆژانەدا دەردەکەون، لە کەسانێکەوە کە نایانناسم، دەبینم چۆن یاری کۆتایییان بەسەربردووە، و ئاهەنگیان گێڕاوە، ئەوە شتێک بوو بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە، بۆ هەموو ئەوانەی لەو ساتانەدا ژیاون".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، کاپتنی هەڵبژاردەی تانگۆ. گوتی "پێموایە بۆ هەر یاریزانێک گەیشتن بە مۆندیال خەونێکی گەورەیە، هەرگیز بە خەیاڵمدا نەدەهات هەموو ئەو شتانە بەدەستبهێنم کە بەدەستمهێناون".
 
مێسی سەبارەت بە یانەی بارسێلۆناش، گوتی "لە بارسێلۆنا هەموو شتێکم هەبوو، سەرکەوتوو بووم و خۆشەویستی خەڵکم هەبوو. لەوێ بەباشی دەژیام و کاتێک گەیشتمە ئەرجەنتین دۆخەکە جیاوازبوو، بەڵام توانیم لەگەڵ ئەرجەنتینیش سەرکەوتن بەدەستبهێنم و هەست بە خۆشەویستییەکی راستەقینە دەکەم لەلایەن هەموو وڵاتێکەوە. بۆ من ئەمە گەیشتنە بە لووتکە".
 
مێسی لە پاڵەوانێتی کۆپا ئەمریکادا بەگشتی ئامارەکانی باشن، بەو پێیەی سەرکەوتوو بووە لە تۆمارکردنی 13 گۆڵ و 17 گۆڵی دروستکردووە، لەو 34 یارییەی کە لە پاڵەوانێتییەکەدا ئەنجامیداون.
 
مێسی تەنیا پێویستی بە تۆمارکردنی 5 گۆڵ هەیە بۆ ئەوەی ببێتە گۆڵکاری مێژووی کۆپا ئەمریکا، چونکە دوو یاریزانە بەرازیلییەکە زیزینۆ و نۆربێرتۆ مێندیزی ئەرجەنتینی بە تۆمارکردنی 17 گۆڵ لە پلەی یەکەمدان.
 
مێسی لە پێشەنگی لیستی ئەو یاریزانانەدایە کە زۆرترین بەشدارییان لە پاڵەوانێتییەکەدا کردووە، کە 34 یاری کردووە، بە یەکسانی لەگەڵ سێرجیۆ لیڤینگستۆنی چیلی، تەنیا پێویستی بە یەک یاریی دیکەیە بۆ ئەوەی لە پێشەنگدا بێت.