گەڕی دووەمی یۆرۆ دەستپێدەکات و ئەڵمانیا دەیەوێت بگاتە قۆناخی 16

19-06-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئەڵمانیا یۆرۆی 2024
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای دۆڕانیان لە یاریی یەکەمدا بەرامبەر ئیسپانیا بەئەنجامێکی گەورە، هەڵبژاردەی کرواتیا دووەم یاریی خۆی لە رکابەرییەکانی یۆرۆی 2024 ئەنجامدەدات و بەرامبەر ئەلبانیا یاریی دەکات.
 
لە دەستپێکی یارییەکانی گەڕی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکاندا و لە کۆمەڵەی دووەمدا، ئێوارەی ئەمڕۆ هەردوو هەڵبژاردەی کرواتیا و ئەلبانیا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
لە یاریی یەکەمدا، کرواتیا بە ئیسپانیا دۆڕاوە و ئەلبانیاش بە ئیتاڵیا، هەردوو تیپ دەیانەوێت یەکەم بردنەوەی لە پاڵەوانێتییەکەدا تۆماربکەن.
 
پێشتر هەردوو هەڵبژاردە هیچ یارییەکیان بەرامبەر یەکدی نەکردووە و ئەمە یەکەم رووبەڕووبوونەوەی هەردوو هەڵبژاردەیە لەسەر ئاستی فەرمی.
 
 
هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەیەوێت وەکو یەکەم هەڵبژاردە سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتووی یۆرۆی 2024 مسۆگەر بکات، کاتێک بەرامبەر هەڵبژاردەی هەنگاریا یاریی دەکات.
 
لە گەڕی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکاندا، ئەمڕۆ ئێوارە لە لە شتوتگارت، هەڵبژاردەی ئەڵمانیای میوانداری پاڵەوانێتییەکەدا رووبەڕووی هەنگاریا دەبێتەوە.
 
ئەڵمانیا لە یاریی یەکەمدا بە پێنج گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە سکۆتلاندی بردەوە و دەیەوێت درێژە بەو ئاستە بەرزەی بدات بۆ ئەوەی وەکو یەکەم هەڵبژاردە بگاتە قۆناخی شازدەی پاڵەوانێتییەکە، بۆ ئەوەش سەرجەم یاریزانەکانی بۆ یارییەکە ئامادەن.
 
هەڵبژاردەی هەنگاریا لە یاریی یەکەمیدا بە گۆڵێک بەرامبەر سێ گۆڵ بە هەڵبژاردەی سویسرا دۆڕا و دۆڕان لەم یارییەدا بە ئەگەری زۆرەوە ئەو هەڵبژاردەیە لە پاڵەوانێتییەکە دەباتە دەرەوە.
 
پێشیتر ئەڵمانیا 26 یاریی بەرامبەر هەنگاریا کردووە، 9 یاریی بەرامبەر هەڵبژاردەکە دۆڕاندووە و 8 سەرکەوتنی هەیە، لە دوایین یاریی نێوانیاندا لە نەیشنسلیگی ساڵی رابردوو، هەنگاریا 1-0 لە ئەڵمانیای بردبووەوە.
 
هەڵبژاردەی سویسرا لەبەردەم هەلی گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی یۆرۆدایە، کاتێک لە دووەم یارییدا بەرامبەر هەڵبژاردەی سکۆتلاند یاریی دەکات.
 
لە سێیەم یاریی گەڕی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکاندا، لە یاریگەی رەین ستادیۆم لە کۆڵن هەردوو هەڵبژاردەی سویسرا و سکۆتلاند رووبەڕووی یەکدەبنەوە، سویسرا دەیەوێت بگاتە قۆناخی داهاتوو و سکۆتلاندیش چاوی لە قەرەبووکردنەوەی دۆڕانی یاریی یەکەمە.
 
سویسرا یاریی یەکەمی لە پاڵەوانێتییەکەدا لە هەنگاریا بردووەتەوە، سکۆتلاند بە ئەنجامێکی گەورە بە ئەڵمانیای میوانداری پاڵەوانێتییەکە دۆڕاوە، بەبردنەوەی یارییەکە سویسرا دەگاتە قۆناخی شازدەی پاڵەوانێتییەکە و سکۆتلاندیش بە ئەگەری زۆرەوە دەچێتە دەرەوە.
 
هەردوو هەڵبژاردە پێشتر 15 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، سویسرا 7 جار دۆڕاوە.


 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە