ڤیدیۆ؛ ناڕۆم مەگەر دەرمکەن

رووداو دیجیتاڵ

ئانتوان گریزمان، یاریزانی هەڵبژاردەی فەرەنسا، رەتیدەکاتەوە بەهۆی ئەوەی کیلیان ئێمباپێ کراوەتە کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا، ویستبێتی لەو هەڵبژاردەیە بڕوات. دەشڵێت "تەنیا ئەگەر دەربکرێم، ئەگەرنا هەرگیز لە هەڵبژاردەی فەرەنسا ناڕۆم".
 
ئەمە پوختەی قسەکانی گریزمانە، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یاریی فەرەنسا و یۆنان، لە چوارچێوەی یارییەکانی پاڵاوتن بۆ گەیشتن بە یۆرۆی 2024ـی ئەڵمانیا:
 
ئایا کە ئێمباپێ کراوەتە کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا، من ویستوومە هەڵبژاردەکە جێبهێڵم؟ نەخێر ئەوە راست نییە. من تۆپی پێم خۆشدەوێت، بۆیە وازهێنان لە هەڵبژاردەی نیشتمانی ئەگەر نییە. هەرگیز ئەوە بە مێشکمدا نەهاتووە. من قبوڵم کردووە. وەک ئەوەی لە کەناڵی تێلیفۆتیش گوتم، پشتگیری تەواوی کیلیان دەکەم و هەوڵدەدەم هەموو شتێک بکەم بۆ یارمەتیدانی ئەو و تیپەکەی لەنێو یاریگەدا. بەڵام جێهێشتنی هەڵبژاردەی نیشتمانی مەحاڵە. بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردەی فەرەنسا دووربکەومەوە پێویستە دەرمکەن.