پاڵاوتنەکانی یۆرۆ.. فەرەنسا دەیەوێت هەنگاوێکی دیکە بچێتە پێشەوە

رووداو دیجیتاڵ 

فەرەنسا یەکێکی دیکە دەبێت لەو هەڵبژاردە گەورانەی ئەوروپا کە کاردەکات بۆ زوو دڵنیابوونەوە لە گەیشتن بە یۆرۆی 2024ی ئەڵمانیا.
 
فەرەنسییەکان لە پاڵاوتنەکاندا سێ یارییان ئەنجامداوە و بە سێ بردنەوە و سێ کلین شیت هاتوونەتە دەرەوە و پێشەنگی کۆمەڵەکەشیان گرتووە، ئەمشەو لە بەرامبەر هەڵبژاردەی دووەمی کۆمەڵەکەدا کە یۆنانە، پێویستیان بەبردنەوەیەکی دیکە هەیە بۆ ئەوەی لە سەرجەم رکابەرەکانیان لە کۆمەڵەکەدا دوور بکەونەوە.
 
لە فەرەنسا، ئەمڕۆژانە سەرنجەکان هێندەی لەسەر هەڵبژاردەی وڵاتەکەن، دوو هێندە لەسەر چارەنووسی ئەستێرەی یەکەم و کاپتنی هەڵبژاردەکەن. کیلیان ئێمباپێ، لەسەرەتاکانی هاوینێکی گەرمدا هەرزوو گەرمیی خستە نێو دەنگوباسەکانی گواستنەوەی یاریزانان و کەوتە قسەکردن لەسەر چارەنووسی خۆی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان.
 
دیشام دەیەوێت باسی کیلیان وەک کاپتنی هەڵبژاردەکەی و پێشەنگی ئەو ئەستێرانە بکات کە درێسە شینەکە دەپۆشن بۆ ئەوەی فەرەنسا خۆی بۆ قەرەبووکردنەوەی شکست لە یاریی کۆتایی مۆندیالی قەتەر بکات و هاوکێشەیەکی قورس و بەربژێری سەرەکی بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکەی هاوینی داهاتوو بێت.
 
فەرەنسا پاڵاوتنەکانی یۆرۆی بە شۆککردنی هۆڵەندا دەستپێکرد، پاشان لە ئێرلەندای بردەوە بەرلەوەی سیانەیەک لە گیبرالتار تۆمار بکات، بەڵام یۆنانییەکان وەکئەوەی چاویان لە کورسییەکی یۆرۆی داهاتوو بێت و هەلی سەرقاڵکردنی هۆڵەندا بەنەیشنسلیگ بەباشترین شێوە بقۆزنەوە، لە دوو یاریدا لە پاڵاوتنەکان دوو سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە و ئەمشەو چاویان لە سێیەم بردنەوەیە.
 
فەرەنسی و یۆنانییەکان لە مێژووی خۆیاندا گەرچی هاوکیشوەریشن، بەڵام زۆر رووبەڕووی یەکدی نەبوونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا تاکە نازناوێک کە یۆنانییەکان لە یۆرۆدا بەدەستیان هێنابێت کە ساڵی 2004بوو، فەرەنسا یەکێکبوو لەو هەڵبژاردانەی لەسەرەڕێی گەیشتن بەنازناوەکەیاندا دووچاری شکستیان کرد و لە قۆناخی شانزەی پاڵەوانێتییەکە کردیانە دەرەوە.
 
دەکرێ یۆنان لەسەردەمێکی باشدا بژی لەگەڵ گۆس پۆیتی راهێنەریدا. ئەو هەڵبژاردەیە لە نەیشنسلیگیشدا لە ئاستی سێیەمەوە خۆی گەیاندە ئاستی دووەم و هەموو ئەو راستییانە پێشبینی ئەوە دەهێننە ئاراوە کە یارییەکەی ئەمشەو بۆ فەرەنسییەکان، گەرچی لە نێو پاریسدا ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەرکێکی ئاسان نەبێت و بەئاسانیشی بردنەوەی تێدا بەدەستنەهێنرێت.