ڤیدیۆ؛ کەس ڤێرستاپنی بۆ ناگیرێ

19-06-2023
سه‌فین ته‌ها @safintaha
Photo by TIMOTHY A. CLARY / AFP
Photo by TIMOTHY A. CLARY / AFP
نیشانەکردن ماکس ڤێرستاپن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمە شاری مۆنتریالە لە وڵاتی کەنەدا، هەرچەندە پایتەخت نییە، بەڵام گەورەترین شاری وڵاتەکەیە.
 
ژمارەیەکی زۆری هاندەران و هەوادارانی رکابەرییەکانی خێرایی لە پانکی مۆسپۆرت کۆبوونەتەوە بۆ بینینی گەورەترین رکابەریی ساڵ لە یارییەکانی فۆرمولا وەن کە لە ناوچەکەی ئەوان دەکرێت. 
 
بە سروودی نیشتیمانیی کەنەدا رکابەرییەکان دەستیانپێکرد و وەک هەمیشە چاوەکان لەسەر ئاست و دەست و سووکانی ماکس ڤێرستاپنی هۆڵەندی بوون، چونکە هەر لەسەرەتاوە تاوەکو کۆتایی لە پێشەوەی شۆفێران بوو. 
 
پێشبینیکراوبوو ڤێرستاپن ببێتە پاڵەوان، چونکە لەم وەرزەدا توانی بۆ جاری شەشەم و چوارەم لەسەریەکیش ببێتە پاڵەوانی خەڵاتە گەورەکانی جیهان. 
 
ئەمساڵ تاوەکو ئێستا هەشت پاڵەوانێتیی گەورەی جیهان بەڕێوەچوون، تیمی رێدبوڵ هەر هەش جارەکە بوونەتە پاڵەوان، پشکی شیریش بەر ڤێرستاپن دەکەوێ بە شەش جار. 
 
ماکس ڤێرستاپن ژمارەی پێوانەیی ئایرتۆن سینای کۆچکردووی یەکسانکردەوە بە تۆمارکردنی 41 سەرکەوتن لە خەڵاتە گەورەکانی جیهان، بەمەش چووە ریزبەندی پێنجەمی ئەو شۆفێرانەی کە زۆرترین خەڵاتیان بردووەتەوە لە مێژوودا. 
 
ئەو کەسەی کە خاوەنی ژمارەی پێوانەییە لە رکابەرییەکانی فۆرمولا وەن، لویس هامیڵتۆنە بە 103 بردنەوە، بەڵام وەک خۆی لە کۆتایی رکابەرییەکاندا ئاماژەی پێکرد، ماکس ڤێرستاپنی هۆڵەندی کە تەمەنی 25 ساڵانە، دەتوانێت ژمارەکەی ئەو بشکێنێت.
 
لە رکابەرییەکەدا فێرناندۆ ئەلۆنزۆی ئیسپانی پلەی دووەمی بەدەستهێنا، لویس هامیڵتۆن پلەی سێیەمی بەرکەوت، ئەمە جاری دووەمە لەم وەرزەدا لەسەریەک هامیڵتۆن دەچێتەوە سەر ستەیجی براوەکان وەک سێیەم، دوای ئەوانیش چارلز لۆکلێر و کارلۆس ساینز جونیۆر لە تیمی فێراری ناویان هات. 
 
تیمی رێدبوڵ بەم بردنەوەیە توانیان سەرکەوتنی ژمارە 100 لە مێژوویاندا بەدەستبهێنن، لە ریزبەندی پێنجەمی مێژووی براوەکانی جیهانن و 142 بردنەوە لە دوای تیمی فێرارین کە خاوەنی 242 سەرکەوتنن و پلەی یەکەمیان گرتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە