ڤیدیۆ؛ ئەرجەنتین 3 خاڵی گرنگی لە ئۆرۆگوای وەرگرت

رووداو دیجیتال

لە گەڕی دووەمی یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکانی کۆپا ئەمریکادا، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین سەرکەوتنێکی گرنگی بەسەر هەڵبژاردەی ئۆرۆگوایدا بەدەستهێنا.

هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و ئۆرۆگوای لە چوارچێوەی یارییەکانی کۆمەڵەی یەکەمدا، لەسەر یاریگەی مانێ گارینچا لە بەرازیلیای پایتەختی بەرازیل رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و تانگۆ بە ئەنجامی 1 - 0 سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

گویدۆ رۆدریگێز لە خولەکی 13 بەسەر گۆڵی پێشکەوتنی بۆ ئەرجەنتین بەدەستهێنا، دوای ئەوەی ئاسیستێکی لە لیۆنێل مێسی کاپتنەوە پێگەیشت.

لە نیوەی دووەمدا لویس سوارێز و هاوڕێکانی زۆر هەوڵیاندا گۆڵی یەکسانبوون بەدەستبێنن، بەڵام ئەرجەنتینییەکان بەرگرییەکی باشیان کرد و ناوە ناوە هێرشی ترسناکیان دەبردە سەر گۆڵی بەرامبەر و هەوڵیان دەدا گۆڵی دیکە تۆماربکەن.

ناوبژیوانی یارییەکە فیکەی کۆتایی لێدا و کەسیان نەیانتوانی لە نیوەی دووەمدا گۆڵ بکەن، ئەنجامەکە وەک خۆی مایەوە و ئەرجەنتین بە تاکە گۆڵی رۆدریگێز 3 خاڵی گرنگی لە ئۆرۆگوای وەرگرت و بە 4 خاڵ و بە هاوبەشی لەگەڵ چیلی پێشەنگیی کۆمەڵەی یەکەمی گرتووە، کە هەڵبژاردەی چیلی بەر لەو یارییە توانی بەهەمان ئەنجامی ئەم یارییە لە بۆلیڤیا بباتەوە.

هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای کە تەنیا یەک یاری کردووە، بێ خاڵ لە پلەی پێشکۆتایی ریزبەندیی کۆمەڵەی یەکەمدایە.

لە یاریی ئەرجەنتین و ئۆرۆگوایدا، لیۆنێل مێسی ئەستێرە و کاپتنی تانگۆ رووبەڕووی تووند و تیژییەکی زۆر بووەوە لە لایەن یاریزانانی ئۆرۆگواییەوە، بەڵام نەیانتوانی رایگرن و ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد، کە لەو یارییەدا لیۆ گۆڵی نەکرد، بەڵام خاوەنی ئاسیستێک بوو.