رۆناڵدۆ هۆکاری مانەوەی مۆدریچە لە ریال مەدرید

19-05-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ لوکا مۆدریچ
A+ A-
رووداو هەولێر 

رۆژنامەی رێلیڤۆی ئیسپانی، لە راپۆرتێکیدا نهێنی سووربوونی لۆکا مۆدریچی ئەستێرەی کرواتی، لەسەر مانەوە لەگەڵ ریال مەدرید ئاشکرا دەکات، و دەڵێت پەیوەندییەکی بە کریستیانۆ رۆناڵدۆوە هەیە.
 
رۆژنامەی ئەی ئێس، لە راپۆرتێکی ئەم دواییەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، مۆدریچ نایەوێت یانەی ریال مەدرید جێبهێڵێت، بەڵکو دەیەوێت بەردەوام بێت لە ریزەکانی تاوەکو لەوێ کۆتایی بە کاروانی وەرزشیی خۆی بهێنێت.
 
لە بەرامبەر بەدیهێنانی ئەم خواستە، یاریزانە تەمەن 38 ساڵەکە، هیچ کێشەیەکی نییە بۆ کەمکردنەوەی مووچەکەی و ئامادەیە رۆڵی لاوەکی لەگەڵ تیپەکە قبوڵ بکات بۆ ئەوەی بەردەوام بێت.
 
ئەو سەرچاوەیە روونیکردووەتەوە، کاپتنی هەڵبژاردەی کرواتیا لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا کارگێڕیی یانەکەی لەوە ئاگادارکردووەتەوە کە دەیەوێت لە یانەکە وازبهێنێت.
 
لای خۆیەوە رۆژنامەی رێلیڤۆ، باسی لە چەند هۆکارێکی دیکە کردووە کە بۆچی مۆدریچ پابەندە بە مانەوە لەگەڵ مێرێنگێ، سەرەڕای نەمانی رۆڵی وەک یاریزانێکی سەرەکی.
 
رێلیڤۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، کارگێڕیی یانەکە رازی بووە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەستێرە کرواتییەکەی، بەو پێیەی چەندین هۆکار هەن بۆ ئەوەی لوکا بهێڵنەوە، لەوانە کەمکردنەوەی مووچەکەی و یارمەتیدانی یاریزانە لاوەکانی ناو تیپەکە. لەوەش تێگەیشتووە کە کەشی دەرەوەی ریال مەدرید بەدڵی ئەو نابێت، بۆیە چاوپۆشی لە دەستەوارە زۆر سەرنجڕاکێشەکانی خولی سعودیە و ئەمریکای کرد.
 
وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، مۆدریچ پێشتر لەسەر ئەوە رانەهاتبوو کە رۆڵێکی ناسەرەکی لە تیپەکەدا هەبێت، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی مانگەکاندا، بە بوونی لەسەر کورسی یەدەگ دەستیکرد بە خۆگونجاندن لەگەڵ سیناریۆ نوێیەکەدا، لەگەڵ ئەوەشدا تاوەکو ئێستا 43 جار بەشداری کردووە، و سیانزدەم یاریزانی ریال مەدریدە لە رووی زۆرترین خولەکی یاریکردنەوە. جگە لەوەش تیپەکە لە 6 پاڵەوانێتیدا بەشداری دەکات، و کات و شوێنی زۆر دەبێت بۆ ئەوەی هەمووان بەشداری بکەن.
 
وەک میدیاکانی ئیسپانیا باسی دەکەن، لایەنێکی دیکە کە هانی مۆدریچی دا بمێنێتەوە، ئەو چێژەیە کە لە خۆشەویستی هاندەران وەردەگرێت، وەک ئەوەی لە ئاهەنگەکانی بردنەوەی نازناوی 36ـی لالیگادا روویدا، کاتێک هاندەرانی مەدرید بە دروشمەکانیان هاواریان دەکرد "مۆدریچ.. بمێنەرەوە!".
 
هۆکارێکی دیکە، کە هاندەربوو بۆ مۆدریچ بڕیاری مانەوە بدات، کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی و خاوەنی 5 باڵۆن دۆرە، کە پێشتر هاوڕێی مۆدریچ بوو.
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، مۆدریچ نایەوێت وەک رۆناڵدۆی هاوڕێی سەرکێشی رۆیشتن لە ریال مەدرید تاقیبکاتەوە. هەروەها بیر لە سەرکێشییەکانی هاوڕێکانی دیکەیشی دەکاتەوە، وەک کەریم بنزیما، رافایێل ڤاران، کاسێمیرۆ و سێرخیۆ رامۆس، کە لە کۆتاییدا کەسیان سەرکەوتوو نەبوو. 
 
لوکا مۆدریچ، لە ساڵی 2012ـەوە یاری بۆ یانەی ریال مەدرید دەکات و لە تۆتێنهامەوە پەیوەندی بە یانەی شاهانەوە کردووە. ئەو 531 یاری بە درێسی ریال مەدریدەوە ئەنجامداوە، لەو ماوەیەدا 39 گۆڵی تۆمارکردووە و 86 ئەسیستیشی هەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە