ڤیدیۆ؛ مێسی گەڕایەوە و ئینتەرمەیامی بردییەوە

رووداو دیجیتاڵ

ئەگەرچی پێشبینی دەکرا، لیۆنێل مێسی، ئەستێرە و کاپتنی یانەی ئینتەرمەیامی بەهۆی پێکانەوە یاری نەکات، بەڵام لیۆ ئامادەی یارییەکە بوو، و هاوکاری هاوڕێکانی کرد بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی دیکە لە خولی نایابی ئەمریکی و پاراستنی پێشەنگی ریزبەندییەکە.
 
لە گەڕی چواردەمی خولی نایابی ئەمریکیدا، ئینتەرمەیامی بەردەوام بوو لەسەر زنجیرە یارییە بێ دۆڕانەکانی و بە ئەنجامی 1-0 لە دی سی یونایتدی میوانی بردەوە.
 
نیوەی یەکەم بەبێ گۆڵ کۆتاییهات، کە سەرەڕای چەندین هەوڵ لە هەردوو یانەوە، کەس نەیتوانی تۆڕی گۆڵی ئەوەی دیکە بهەژێنێت.
 
نیوەی دووەم بەهەمان سیناریۆ بەردەوام بوو تاوەکو کۆتاییهاتنی کاتی یاسایی یارییەکە، بەڵام لە خولەکی چوارەمی زیادکراودا، سێرجیۆ بۆسکێتس پاسێکی نایابی گەیاندە کامپانا، کە خولەکێک پێشتر هاتبووە نێو یارییەکە و بە جوانترین شێوە تاکە گۆڵی یارییەکە و سەرکەوتنی بۆ ئینتەرمەیامی تۆمارکرد.
 
مێسی و هاوڕێکانی بەم سەرکەوتنە ژمارەی خاڵەکانیان گەیاندە 31 خاڵ و لە پلەی یەکەمی کۆمەڵەی رۆژهەڵات مانەوە. لە کاتێکدا دی سی یونایتد بە کۆکردنەوەی 17 خاڵ پلەی نۆیەمی ریزبەندییەکەی گرتووە.