ئەمڕۆ دوایین گەڕی پرێمەرلیگ پاڵەوانی ئینگلتەرا دیاریدەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

کۆتاییەکی ئاڵۆز و پڕ لە چاوەڕوانی و دوودڵی، چاوەڕێی عاشقانی تۆپی پێی ئینگلتەرا و هاندەرانی زۆرینەی زۆری یانە بەشدارەکانی خولەکە دەکات، کۆتاییەک کە لە دوا ساتەکاندا چارەنووسی هەموو شتێکی پەیوەست بە وەرزی ئەمساڵی خولەکە یەکلادەکاتەوە.
 
لە دوایین رۆژی پرێمەرلیگدا، پاڵەوانی وەرز، سەرکەوتووەکان بۆ چامپیۆنزلیگ و پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکانی دیکە و یانە دابەزیووەکان لە خولەکە یەکلادەبێتەوە و سەرجەم یارییەکانی رۆژەکە لە یەک کات و ساتدا بەڕێوەدەچن.
 
لە لووتکەی یەکلاکردنەوەی نازناوی خولەکەدا، کە ململانێیەکە لە نێوان مانچێستەر سیتی و ئارسیناڵدا قەتیسماوە، مانچێستەر سیتی لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی وێستهام دەکات، لەندەنییەک کە دەکرێ هەموو شتێک لە بەرژەوەندی رکابەرەکەی سیتی کە ئارسیناڵە، یەکلابکاتەوە.
 
سیتی کە پێش یارییەکە دوو خاڵ لە پێش ئارسیناڵەوەیە، هەموو هەوڵی خۆی دەدات تاوەکو بۆ چوارەم وەرزی لەسەریەک نازناوی خولەکە لای خۆی بهێڵێتەوە و ئەوەش گرەوێکی گەورەیە کە پێپ گواردیۆلا و یاریزانەکانی، لەپێناو رۆژێکی مێژووییدا ئەنجامیدەدەن.
 
وێستهام لەناوچەی گەرمدایە و پاڵنەری بۆ بردنەوەی یارییەکە لە سیتی زۆر کەمە، ئەمە ترس لای ئارسیناڵ دروستدەکات کە خۆی رووبەڕووی ئیڤرتن دەبێتەوە و ئەویش پاش دڵنیابوونەوە لە مانەوە لە خولەکە، ئیدی ئارامە. بەڵام ئیڤێرتن کە پێشتر لیڤەرپوولی لە پێشبڕکێی نازناوەکە بردە دەرەوە، دەتوانێ هەمان ترس بۆ ئارسیناڵیش دروستبکات.
 
سیتی و ئارسیناڵ، چارەنووسیان بەدەستی خۆیانە، هەردوولا پێویستیان بەبردنەوەی یارییەکە هەیە و ئەوەی ئارسیناڵ بیری لێدەکاتەوە، ئومێدی روودانی سوپرایزێکە لە یاریگەی ئیتیحاد، تاوەکو پاش بیست ساڵ لە چاوەڕوانی، بە نازناوی خولەکە بگاتەوە.
 
لیڤەرپوول سەرقاڵی ماڵئاوایی لە یۆرگن کلۆپ دەبێت و یانەکە کورسییەکی چامپیۆنزلیگی مسۆگەرە. ئاستۆن ڤێلا هێشتا سەرقاڵی دڵخۆشییەکانی خۆیەتی بەگەیشتنەوە بەچامپیۆنزلیگ.
 
لە خوار ئەو دوو یانەیەوە، لە پلەکانی پێنجەم تاوەکو هەشتەم، ململانێیەکی تووندی گەیشتن بە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکانی وەرزی داهاتوو بەڕێوەدەچن.
 
بەر لە یارییەکانی ئەمڕۆ تۆتێنهام نوێنەری خولەکەیە لە یۆرۆلیگی وەرزی داهاتوو، بەڵام چێڵسی هەڕەشەیەکی گەورەی لەسەر بەشدارییەکەی دروستکردووە و دەتوانێ جێگەی بگرێتەوە.
 
چێڵسی میوانداریی بۆرنمۆس دەکات و تۆتێنهام میوانی شیفیڵد یونایتدە کە دابەزیوە بۆ چامپیۆنشیپ. کارەکە لەدەستی تۆتێنهامدایە تاوەکو بەبردنەوە لە شیفیڵد، پارێزگاری لە کورسیی بەشداریکردن لە یۆرۆلیگی وەرزی داهاتوو بکات.
 
لە دوای ئەو ململانێیە، نیوکاسڵ و مانچێستەر یونایتد کە هەریەکەیان 57 خاڵیان هەیە، دەتوانن خەون بەکورسیی بەشداریکردن لە کۆنفرانسلیگی وەرزی داهاتوو ببینن کە ئێستا بەدەست چێڵسییەوەیە.
 
نیوکاسڵ ئەمڕۆ میوانی برێنتفۆردە و مانچێستەر یونایتدیش میوانی برایتنە کە دوایین یاریی لەگەڵ رۆبێرتۆ دی زێربی ئەنجامدەدات، بەرلەوەی ماڵئاوایی لە یانەکە بکات.
 
لە ژێرەوە ریزبەندییەکەدا لۆتن تاون و برێنتفۆرد لە ململانێی مانەوەدا دەبن و لۆتن لەپێناو دوا ئومێدی مانەوەدا، میوانداریی فولهام دەکات.