ڤیدیۆ؛ ئینتراخت فرانکفۆرت بەبێ دۆڕان بووە پاڵەوانی یۆرۆپالیگ

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی، بۆ جاری دووەم لە مێژوویدا نازناوی یۆرۆپالیگی بردەوە، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی گلاسکۆ رێنجەرزی سکۆتلاندی بەدەستهێنا.

لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا کە لە یاریگەی رامۆن سانچێز پیز خوان لە شاری سێڤییای ئیسپانیا بەڕێوەچوو، هەردوو یانە رووبەڕووی یەکبوونەوە، یانە ئەڵمانییەکە بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە یارییەکەی بردەوە.
 
هەزاران هاندەری هەردوو یانە لە ئەڵمانیا و سکۆتلاندەوە چوونە ئیسپانیا، رەنگی سپی و شینی هەردوو یانە باڵی بەسەر یاریگەدا کێشابوو و دیمەنێکی جوانی بەخشییە یارییەکە، بەڵام لەنیوەی یەکەمدا یاریزانانی هیچ یەکێک لە هەردوو یانە لە هەژاندنی تۆڕی ئەوەی دیکەیان سەرکەوتوو نەبوون و بە هەستیارییەوە یارییان دەکرد.
 
لەسەرەتای نیوەی دووەمدا و لە خولەکی 57 جۆ ئاریبۆ گۆڵێکی بۆ یانەی گلاسکۆ رێنجەرز تۆمارکرد، بەڵام زۆری نەبرد لە خولەکی 69 رافایێل بۆری ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا.
 
دوای ئەم دوو گۆڵە یاریزانانی هەردوولا ناوە ناوە خۆیان لە گۆڵی یەکدی نزیکدەکردەوە، بەڵام کاتی ئاسایی یارییەکە بەیەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتاییهات و پەنا برایە بەر کاتی زیادکراو.
 
لە کاتی زیادکراودا، کیڤن تڕاپ، گۆڵپارێزی یانەی ئینتراخت فرانکفۆرت باشترین ئاستی پێشکێشکرد و توانیی بەرپەرچی هەموو هێرشەکانی یاریزانانی یانەی گلاسکۆ رێنجەرز بداتەوە و رێگەی نەدا بۆ جاری دووەم گۆڵەکەی بهەژێندرێت، بەمەش یارییەکە وەک خۆی مایەوە و کاتی زیادکراویش بەیەکسانبوون کۆتاییهات و پەنا برایە بەر لێدانەکانی یەکلاکەرەوە.
 
لە لێدانەکانی یەکلاکەرەوەدا ئارۆن رامسی، کە لە خولەکی 118 چووە نێو یاریگە بۆ ئەوەی لە لێدانەکاندا بەشداری بکات، لێدانەکەی لەدەستدا و کیڤن تڕاپ تۆپەکەی گەڕاندەوە، بەمەش ئینتراخت فرانکفۆرت یارییەکەی بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە، بە 5-4 یارییەکەی بردەوە و نازناوی پاڵەوانێتییەکەی یەکلاکردەوە.
 
ئەمە جاری دووەمە لە مێژوودا ئینتراخت فرانکفۆرت نازناوی یۆرۆپالیگ دەباتەوە و وەرزی داهاتوو راستەوخۆ بەشداری لە چامپیۆنزلیگدا دەکات.
 
ئینتراخت فرانفکۆرت سێیەم یانەیە دوای هەریەکە لە چێڵسی و ڤیاریال و بەبێ ئەوەی هیچ یارییەک بدۆڕێنێت نازناوی یۆرۆپالیگ بەدەستبهێنێت.