فایناڵی جامی ئیتالیا.. یوڤێ بۆ رزگاربوون لە مۆتەکەی ئەم وەرزە بەرامبەر ئاتالانتا یاریدەکات
رووداو دیجیتال
ئەمشەو لە شاری ریجیۆ ئیمیلیا، یاریی کۆتایی جامی ئیتالیا لە نێوان هەردوو یانەی یوڤێنتوس و ئاتالانتا بەڕێوەدەچێت، یارییەک بۆ رزگارکردنی یوڤێتنوس لە مۆتەکەی ئەم وەرزە و شادکردنی هاندەران بە نازناوێک لە کۆتایی وەرزدا.
دوای ئەوەی لە سەرەتا و ناوەڕاستی ئەم وەرزە بۆ هاندەرانی بیانکۆنێری هەواڵی خۆش و ئەنجامی باش زۆر کەمبوون، هەر لە دەرکرانیان لە چامپیۆنزلیگ و لەدەستدانی خولی ئیتالیا و دۆڕان لە بەشێکی یارییە کلاسیکی و دێربییەکانەوە تاوەکو بابەتی ئەگەری سەرنەکەوتنی بۆ وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگ، هەموو ئەمانە بۆ هاندەرانی یوڤێ وەک مۆتەکەیەک وان و پێویستە بە بەدەستهێنانی نازناوی ئەم وەرزەی جامی ئیتالیا هەر هیچ نەبێت کەمێک لەو بارە خەمەی سەر دڵی هاندەرانیان سووک بکەن.
یارییەکە لە یاریگەی تریکۆلۆری دەبێت لە کاژێر 22:00، بیرمان نەچێت یانەی یوڤێنتوس لە سەرەتای ئەمساڵ نازناوی سوپەری ئیتالیای بردەوە، بەڵام ئەمە بەس نییە بۆ تیپێک کە ساڵانە هاندەرانی بە نازناوە نێوخۆییەکان تێردەکرد، هەروەها نایانەوێ وەک ساڵی رابردوو کە لە فایناڵدا بە یانەی ناپۆلی دۆڕان، نازناوەکە لەدەستبدەن.
ئاتالانتا کە بۆ ساڵی سێیەمە لەسەریەک بۆ خولی یانە پاڵەوانەکان سەردەکەون، بەڵام ئەو یانەیە نزیکەی 60 ساڵە هیچ نازناوێکی نەبردووەتەوە، بردنەوەی ئەم پاڵەوانێتییە بۆ هاندەرانی بێرگامۆ گەورەترین دیاری و دڵنەواییە کە ساڵی رابردوو زۆرترین قوربانی و گیانلەدەستانیان هەبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بەشی زۆریان هاندەرانی یانەی ئاتالانتا بوون.
لەم یارییەدا هاندەران بە رێژەی لە 20٪ ئامادەدەبن کە دەکاتە 4 هەزار کەس، کە جاری یەکەمە هاندەران لە ئیتالیا دەگەڕێنەوە نێو یاریگەکان لەدوای ئۆکتۆبەری رابردووەوە.
لە ریزەکانی یانەی یوڤێتنوسدا، ئاندریا پیرلۆ لە تواناکانی ئەلێکس ساندرۆ بێبەشە کە سزای لەسەرە، ئەگەریش هەیە بۆنوچی ئامادەنەبێت بەهۆی ئەوەی کە هێشتا لە پێکان چاکنەبووەتەوە.
لە رووبەڕووبوونەوەی نێوانیان لەم وەرزەدا، یانەی ئاتالانتا پشکی شێری هەیە، دوای ئەوەی لە یاریی یەکەمدا 0-0 یەکسانبوون، لە یاریی دووەمیشدا ئاتالانتا 1-0 لە یوڤێی بردەوە.
یوڤێتنوس ئەم یارییە لە پێناو کریستیانۆ رۆناڵدۆ و مانەوە و دڵخۆشکردنی ئەو کوڕەی مادێرادا دەکات، ئاخر بردنەوەی نازناوێکدا لە هەناوی مەینەتییەکاندا کارێکی گەورەیە و بۆچوونی یاریزانەکە سەبارەت بە داهاتووی خۆی دەگۆڕێت، بە تایبەت ئەگەر بێت و بگەنە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.