چەند یانەیەک دەستەوارەی گەورە پێشکەشی سەمیر بابۆ دەکەن


رووداو - هەولێر

چەند یانەیەکی بەشدار لە خولی نایابی کوردستان پەیوەندی بە سەمیر بابۆ، راهێنەری یانەی پێشمەرگەی هەولێرەوە دەکەن و دەیانەوێت وەرزی داهاتوو پۆستی راهێنەرایەتی یانەکەیان بدەنە دەست ئەو راهێنەرە.

سەمیر بابۆ لە لێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چوار یانە لە هەولێر و دهۆک پەیوەندییان پێوەکردووە، بەشێکیان کاغەزی سپییان لەپێش داناوە و بەشێکیشیان ئامادەیی خۆیان پیشانداوە گرێبەستی زۆر گەورەتر و باشتر لەوەی پێشمەرگە پێشکەشی بکەن، بەڵام ئەو راهێنەرە دەڵێت تاوەکو ئێستا لەگەڵ یانەکەم پابەندم بە گرێبەستەکەم و ئەگەر وەرزی داهاتووش بەهەمان شێوەی وەرزی رابردوو باری دارایی یانەکە خراپ بێت ئەوکات پێدەچێت رایەکی دیکەی هەبێت.

لەبارەی کێشە داراییەکانی یانەکەی بابۆ ئەوەی بە رووداو راگەیاند، رۆژی چوارشەممە %45 گرێبەستی یاریزانەکان دراوە و یاریزانەکان ئامادەن لەگەڵ پێشمەرگە بمێننەوە.

یانەی پێشمەرگەی هەولێر وەرزی رابردوو ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا توانیی لە رکابەریکردن لەسەر نازناوەکە بمێنێتەوە، بەڵام لەگەڕی کۆتایی خولەکەدا بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ بە یانەی هەولێر دۆڕا و نازناوەکەی لەدەستدا.