بارسێلۆنا بڕیارێکی حکومەتی ئیسپانیا ئیدانە دەکات


رووداو - هەولێر


یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بڕیاری رێگەنەدان بە بردنەوەی ئاڵای هەرێمی کەتەلۆنیا لە یاری کۆتایی جامی شای ئیسپانیا ئیدانە دەکات. 

یانەی بارسێلۆنای لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا نارازیبوونی خۆی بەرامبەر ئەو بڕیارە پیشانداوە و ئەو بڕیارە بە رێگەگرتن لە ئازادی رادەربڕین ناودەبات و بڕیارەکەی حکومەتی ئیسپانیا رەتدەکاتەوە و داوا دەکات هاوکاربن بۆ رەخساندنی کەش و هەوایەکی گونجاو و ئارامتر.

بارسا لە بڵاوکراوەکەدا تەکەز لەسەر ئازادی رادەربڕین دەکاتەوە و دەڵێت پێویستە رێز لە رای هەموو لایەک بگیرێت.

شاندێکی حکومەتی ئیسپانیا بەسەرۆکایەتی کوسبسیۆن دانکاوسا، بڕیاریداوە لە یاری کۆتایی جامی شای ئیسپانیا رێگە نەدرێت ئاڵای هەرێمی کەتەلۆنیا بەرزبکرێتەوە کە یارییەکە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە یاریگەی ڤیسێنتی کالدیرۆن لەنێوان هەردوو یانەی بارسێلۆنا و سیڤییا بەڕێوەدەچێت و هێزێکی ئەمنی زۆریشی بۆ پاراستنی کەش و هەوای یارییەکە ئامادەکردووە بۆ ئەوەی رێگە لەهەر کارێکی نایاسایی بگرن.