چاڤی و ئەنچیلۆتی.. جەنگی هەڵایساو پێش کلاسیکۆی یەکشەممە


رووداو دیجیتاڵ

یەکشەممەی داهاتوو، جارێکی دیکە ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە کلاسیکۆدا بەیەکدەگەنەوە، پاشئەوەی هەردوو یانەکە، هەفتەیەکی پڕ لە رووداوی دراماتیکییان لە چامپیۆنزلیگدا بەسەربرد.
 
کلاسیکۆ چەند رۆژێکی کەم پاش چوونە دەرەوەی بارسێلۆنا لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ و سەرکەوتنی ریال مەدرید بۆ چوارگۆشەی زێڕینی هەمان پاڵەوانێتی ئەنجامدەدرێت.
 
یارییەکە لە کاتێکدایە کە ریال مەدرید بەجیاوازیی هەشت خاڵ لە پێش بارسێلۆناوەیە لە ریزبەندی گشتیی لالیگا و ئەنجامی کلاسیکۆ کاریگەریی گەورە لەسەر چارەنووسی خولەکە دەگۆڕێت.
 
بردنەوەی ریال مەدرید واتای کۆتاییهاتنی ململانێ و رکابەریی لەسەر نازناوی لالیگا تاڕادەیەکی زۆر، چونکە جیاوازییەکە لە نێوان هەردوو تیپ دەبێتە 11 خاڵ و لە کاتێکدا لە دوای کلاسیکۆوە هەر یانەیەک تەنیا شەش یاریی دەمێنێت، زەحمەتە ریال مەدرید بهێڵێ بەئاسانی نازناوەکەی لەدەست دەربچێت.
 
سەرکەوتنی بارسێلۆنا لە کلاسیکۆدا، رۆحێکی نوێ بەبەر لالیگادا دەکاتەوە و جیاوازییەکە بۆ پێنج خاڵ کەمدەکاتەوە و بارسێلۆنا دەتوانێت تاوەکو دوایین هەفتە چاوی لە بەدەستهێنانی نازناوی خولەکە بێت.
 
لە نێو کلاسیکۆدا، سەرنجەکان دەچنە سەر لێدوانی راهێنەرانی هەردوو یانە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی پێش یارییەکە و دوای یارییەکە، بەتایبەت کە هەموو کات کلاسیکۆ ئەنجامەکەی هەرچییەک بووبێت، کاردانەوەی تووندی بەدوای خۆیدا هێناوە.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، کاردەکات بۆ ئەوەی تاوەکو یەکشەممە یاریزانەکانی بەباشترین شێوە لە رووی جەستەییەوە ئامادە بکاتەوە، پاشئەوەی یارییەکەی تاقەتپڕوکێنی 120 خولەکییان بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگ ئەنجامدا.
 
بارسێلۆنا کە رۆژێک زیاتر پشووی وەرگرتووە، پێویستی بەنۆژەنکردنەوەی لایەنی دەروونیی یاریزانەکانیەتی زیاتر لەلایەنی جەستەیی، چونکە ریمۆنتادای پاریس سانجێرمان بەسەر یانە کەتەلۆنییەکەدا، کاریگەریی قووڵی لەسەر دەروونی یاریزانانی یانەکە بەجێهێشت و بێئومێدییەکی زۆری بەسەریاندا سەپاند.
 
کاریگەریی چامپیۆنزلیگ لەسەر هەردوو تیپ
 
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، دوای شکستی تیپەکەی بەرامبەر پاریس سانجێرمان، داوای لە یاریزانەکانی کرد بەرۆحیەتی بردنەوەوە روو لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بکەن و گوتی، هیچ بیانوویەکمان نییە بۆ نەبردنەوە.
 
نەک هەر چاڤی، بەڵکو بەشێک لە یاریزانانی بارسێلۆنا هەمان پەیامیان ئاراستەی ریال مەدرید کرد و کلاسیکۆیان وەک دەرفەتێک بۆ دەرچوون لە ژێر تارمایی شکستەکەی چامپیۆنزلیگ پێناسەکرد.
 
ریال مەدرید لای خۆیەوە بێدەنگیی هەڵبژاردووە و کۆی یانەکە، سەرقاڵی خۆشییەکانی تێپەڕاندنی مانچێستەر سیتییە لە چامپیۆنزلیگ، کە وایکردووە ئێستا هەمووان ریال مەدرید بەربژێری هەرە گەورە بۆ بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ ببینن.
 
ئەرکی هەردوو راهێنەر لە کلاسیکۆدا بەدوو ئاراستەی جیاوازە، ئەنچیلۆتی بۆ ئارامکردنەوەی یاریزانەکانی و دەرهێنانیان لەژێر کاریگەریی سەرکەوتنەکە و درێژەدان بەهەوڵدان بۆ زوو یەکلاییکردنەوەی نازناوی لالیگا لە کلاسیکۆدا. چاڤی هێرناندێزیش بۆ تێپەڕاندنی بێئومێدی و کاریگەریی شکستەکەی چامپیۆنزلیگ.
 
دەکرێ بیرکردنەوەی زیادی ریال مەدرید و یاریزانەکانی لە خۆشیی سەرکەوتن، کێشە بۆ تیپەکە لە کلاسیکۆدا دروست بکات و خەیاڵیان پەرت بکات و بەوەش بەجۆرێک لە دڵنیاییەوە یارییەکە ئەنجامبدەن، کە بێخەمیان بکات لە ئەنجامەکەی.
 
بۆ بارسێلۆناش دەکرێ شکستەکەی سانجێرمان، بێئومێدییەکان بپەڕێنێتەوە بۆ نێو لالیگا و یاریزانەکانی بەر لە یارییەکە لەوە دڵنیابن کە ئیدی لەلالیگاشدا، دەرفەتی هیچیان نەماوە و بەوەش هەموو شت لەدەست دەربچێت.
 
ئەگەری مامەڵەی هەردوو تیپ لەگەڵ کلاسیکۆ کراوەیە، بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە، کام راهێنەر دەتوانێت باشتر لە رووی دەروونییەوە رووداوەکانی هەفتەی پێشووی چامپیۆنزلیگ، لەبەرژەوەندی دۆخی گشتیی تیپەکە بەکاربهێنێت؟
 
پەیوەندییەکەی نێوان کارلۆ و چاڤی
 
لەوکاتەوەی کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریال مەدریدە و چاڤی هێرناندێز راهێنەری بارسێلۆنایە، هیچکات هێندەی ئێستا پەیوەندی نێوان ئەو دوو راهێنەرە خراپنەبووە. 
 
پەیوەندییە خراپەکە پێشینەی هەیە و پێشبینیکراوە هەڵچوون و تووڕەبوونی بەردەوامی چاڤی و بەرگەنەگرتنی گوشارەکان، لێدوانی ئەو راهێنەرە لە دژی ریال مەدرید زیاتر بەرەو سەر بەرن.
 
ساڵانی رابردوو، رێزی هاوبەش لە نێوان هەردوو راهێنەردا زاڵبوو، لە چەندین لێدوانی جیاوازدا، ئەو دوو راهێنەرە وێڕای هەستیاریی پۆستەکانیان و ناکۆکی مێژووییان بەرامبەر یەکدی، بەڵام بەڕێزەوە مامەڵەیان بەرامبەر یەکدی دەکرد.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی لە بنەمادا خۆی کەسێکی ئارام و لەسەرخۆ و خۆپارێزە لە بەرکەوتن و پێکدادان لەگەڵ راهێنەرانی دیکە، چ لەناو یاریگە و چ لە دەرەوەی یاریگە، ئەو راهێنەرە زۆر کەم روویداوە لەدژی راهێنەرانی دیکە قسەیکردبێت یان هێرشی کردبێتەسەر.
 
لە ساڵانی پێشوودا، چاڤی هێرناندێزیش بەهەمان شێوە مامەڵەی لەگەڵ کارلۆدا دەکرد، چاڤی سێ مانگ لەمەوبەر لەبارەی کارلۆوە بەرلەوەی لە کلاسیکۆی جامی سوپەردا بەیەکبگەن گوتی، "ئەو یەکێکە لە باشترین راهێنەرەکانی مێژوو و جیهان، ئەو لە هەر وڵاتێک کاری کردبێت، سەرکەوتنی بەدەستهێناوە".
 
ئەو زیاتر گوتبووی، "هەرگیز ناتوانی قسەیەکی خراپ بەرامبەر بکەیت، پێموایە پەیوەندییەکی باشم لەگەڵیدا هەیە کە هەمیشە رێز بەسەریدا زاڵە".
 
ئەو پەیوەندییە باشە و رێزەی لە نێوان هەردوولادا هەبوو، بەهۆی رووداوەکانی ئەمساڵی لالیگاوە گۆڕانی گەورەیان بەسەردا هات، بەڵام بەرلەوە، کارلۆ ئەنچیلۆتی لەبابەتی رووبەڕووبوونەوەی گوشارەکانەوە لەلایەن چاڤی گوتی، "ئەو لە من دەچێت، زۆر باش شارەزای تۆپی پێیە و دەزانێت کە رەخنەگرتن لە کارەکانمان بەشێکە لە سرووشتی کارەکەمان".
 
میستەر زیاتر گوتبووی، "چاڤی ئەوەندەی ئەزموون هەیە تەنگژەکان تێپەڕێنێت، ئەو لە کەشی بارسێلۆنا شارەزایە، پێموایە هەموو شتێکی هەیە بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکات".
 
جەنگەکە بەرپابوو
 
ئەو پەیوەندییە ئارامەی لە نێوان هەردوو راهێنەردا هەبوو، چەند هەفتەیەک لەمەوپێش بەتەواوی شێوا، پاشئەوەی رووداوە دراماتیکی و گوشارە زۆرەکانی رکابەریی لەسەر لالیگا، سەریکێشا بۆ رەخنەگرتنی چاڤی هێرناندێز لە ریال مەدرید.
 
لەسەرەتاکانی ئەمساڵ و تاوەکو مانگی سێ، ریال مەدرید هەڵمەتی گەورەی لە دژی ناوبژیوانانی لالیگا بەرپاکرد و لە رێگەی تەلەڤزیۆنی فەرمیی یانەکەوە، هێرشی تووندی کردە سەر ناوبژیوانان و رەخنەی لێگرتن.
 
چاڤی هێرناندێز لە مانگی دوودا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "ئەوەی ریال مەدرید هەموو هەفتەیەک دەیکان، کاریگەریی لەسەر ناوبژیوانان دروستدەکات و ژاوەژاو لەسەر لالیگاش بەرپا دەکات".
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی لە وەڵامی قسەکانی چاڤیدا گوتی، "من پیشەگەرم و نامەوێت تەنانەت خۆم دابگرم بۆ ئاستی ئەو جۆرە لێدوانانە، ئەوەش لەبەر رێزگرتنم لە تۆپی پێی ئیسپانیا".
 
ئەوە یەکەمجاربوو هەردوو راهێنەر بەئاشکرا لە دژی یەک لێدوان بدەن، لێدوانێک کە پێدەچێ کۆتایی بەپەیوەندییە ئارامەکەی نێوان هەردوو راهێنەر هێنابێت.
 
بەرلەکلاسیکۆ و هەستیاریی دۆخەکە لە نێوان هەردوو یانە و پەیوەستبوونی چارەنووسی ئەمساڵی لالیگا بە کلاسیکۆوە، پێشبینیکراوە کە جارێکی دیکە ناکۆکی و لێدوانی دژ بەیەک لەنێوان هەردوولادا بەرپا بکاتەوە.
 
کلاسیکۆی ئەمجارە، بۆ چاڤی هێرناندێز دوایین کلاسیکۆ دەبێت، چونکە ئەو راهێنەرە ئاشکرایکردووە لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا لە یانەکەی دەڕوات، بەڵام پێشبینیکراوە کارلۆ ئەنچیلۆتی، وەرزی داهاتووش کلاسیکۆ ئەنجام بدات، بەڵام دیار نییە بەرامبەر کام راهێنەر دەبێت، کە بڕیارە مەشقدانی بارسێلۆنا بگرێتە ئەستۆ.