نایگێلسمان لە مۆندیالی 2026 راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەبێت


رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا هەنگاوێکی بەپەلەی راگەیاند و ئاشکرایکرد و یولیان نایگێلسمان لە مەشقدانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، دەنگۆی زۆر لەبارەی نزیکیی گەڕانەوەی نایگێلسمانی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بۆ یانەی بایرن میونشن بڵاوکرایەوە، هەندێک لە بەرپرسانی یانە باڤارییەکە بەگەشبینییەوە پێشوازییان لە دەنگۆکان کرد.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا، کەمێک لەمەوبەر لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، نایگێلسمان تاوەکو 2026 گرێبەستەکەی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا نوێکردووەتەوە.
 
نایگێلسمان پێشتر راهێنەری بایرن میونشن بوو، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەوە لەگەڵ کارگێڕیی یانەکە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و تۆماس توخێل شوێنی ئەویگرتەوە. توخێل لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا یانە ئەڵمانییەکە بەجێدەهێڵێت و تاوەکو ئێستا روون نییە کێ دەبێتە راهێنەری داهاتووی بایرن میونشن.
 
بڵاوکراوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا ئاشکرایکردووە، راهێنەرە تەمەن 36 ساڵییەکە، لە پۆستەکەی بەردەوام دەبێت تاوەکو کۆتاییهاتنی کاروانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە مۆندیالی 2026.
 
یولیان نایگێلسمان، لە مانگی نۆی ساڵی رابردوو مەشقدانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیای وەرگرت، گرێبەستەکەی لە مانگی حەوتی ئەمساڵدا، لەگەڵ کۆتاییهاتنی پاڵەوانێتیی یۆرۆی 2024 کۆتایی دەهات.
 
یولیان لە دوای واژۆکردنی گرێبەستە نوێیەکەی گوتی، "بڕیاری بەردەوامبوونم لەگەڵ مانشافت لە قووڵای دڵەوە بوو".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "مەشقدانی هەڵبژاردەی نیشتمانی و کارکردن لەگەڵ باشترین یاریزانانی وڵاتەکە، شانازییەکەی مەزنە".
 
نایگێلسمان لە ماوەی کارکردنی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، لە شەش یاریدا سەرپەرشتی هەڵبژاردەکەی کردووە، سێ سەرکەوتن و یەکسانبوونێک و دوو شکستی بەدەستهێناوە و رێژەی سەرکەوتنی لەسەدا پەنجایە.
 
یولیان جێگەی ئومێدی ئەڵمانییەکانە بۆ ئەوەی هەڵبژاردەیەکی باش و رکابەر بۆ یۆرۆی داهاتوو ئامادە بکات کە ئەڵمانیا لە نێوان 6/14 تاوەکو 7/14ی ئەمساڵ میوانداریی دەکات.