بەرگریکەرێکی پرێمەرلیگ: هالاند هەر خەریکی چڕنوک گرتنە
رووداو دیجیتاڵ
بن می، بەرگریکەری یانەی برێنتفۆردی ئینگلیزی، تەکتیکێکی سەیری ئێرلینگ هالاند، هێرشبەری یانەی مانچێستەر سیتی ئاشکراکرد، لەپێناو گوشارکردن لە بەرگریکەرانی تیپەکانی بەرامبەر لە کاتی یارییەکاندا.
قسەکانی ئەو بەرگریکەرە ئاشكراکردنی نهێنییەکانی دەرکەوتنی هالاندە لە ناو سندووقی تیپەکانی دیکەدا. لە کاتێکدا هەمووان باس لە توانا تایبەتەکانی ئەو هێرشبەرە نەرویجییە دەکەن، لە یەکەم دەرکەوتنی لە پرێمەرلیگ و پەسنی تواناکانی ئەو لە خێرایی، هێز و تۆمارکردنی گۆڵ دەدەن.
بەرگریکەرەکەی برێنتفۆرد لە لێدوانی بۆ 'سکای سپۆرت' دەڵێ، هالاند یاریزانێکی بەهێزە و کاتێک رووبەڕووی یەکبووینەوە هەندێک دەستمان لە یەکدی وەشاند و تەنانەت چڕنوکی زۆرمان لە یەکدی گرت.
ئەو بەرگریکەرە لە چاوپێکەوتنەکەدا پرسیاری لێکرا لەبارەی ئەوەی کام هێرشبەر لە هەمووان زیاتر لە کاتی هێرشبردندا چڕنوک دەگرێت؟ بن می دەڵێت، بەویژدانەوە بڵێم کەس وەک هالاند چڕنوک ناگرێت، ئەو لە هەمووان زیاتر چڕنوک دەگرێت، بەڵام من ئەوەم بەلاوە ئاساییە.
ئەو زیاتر دەڵێ، "بێگومان ئێمە هەوڵدەدەین لە رووی جەستەییەوە بەسەریدا زاڵ بین و لە نێو سندووقی بەردەم گۆڵەکەماندا بەجەستەمان رێگەی لێبگیرن، بۆیە ئەویش بۆ خۆ دەربازکردن، چڕنوکمان لێدەدات".
لە یاریی یەکەمی نێوان مانچێستەر سیتی و برێنتفۆرد لە وەرزی ئەمساڵ، هالاند وێڕای چڕنوک گرتن، نەیتوانی لە یارییەکەدا گۆڵ تۆمار بکات.