شۆک.. داوا دەکرێت رۆناڵدۆ لە سعودیە دەربکرێت

19-04-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ یانەی نەسڕ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شکستی یانەی نەسڕ بەرامبەر هیلال بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە هەفتەی 25ی خولی سعودیە، تەنگژەیەکی گەورەی لە خولەکەدا دروستکردووە. هاندەران داوای دەرکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆیان کرد.
 
شکستی نەسڕ لە یارییەکەدا کە بەدێربی ناسراوە، بووە هۆی تووڕەبوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی یانەی نەسڕ کە بە هەڵسوکەوتێکی نەشیاوی نا وەرزشیانە گوزارشتی لە تووڕەیی خۆی کرد. ئەم کارە وای لە هاندەران کرد داوا لە بەرپرسانی خولەکە بکەن تووندترین سزا بەسەر رۆناڵدۆدا بسەپێنرێت.
 
لە گرتەکەدا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە کاتی چوونە دەرەوەی لە یاریگە و بەرلەوەی بچێتە راڕەوی چوونە دەرەوەی یاریزانان لە یاریگە، لە کاتێکدا هاندەرانی نێو یاریگە هاواریان دەکرد مێسی مێسی، ئەو بە جووڵەیەکی ناوەرزشییانە، تووڕەیی خۆی پێشاندا.
 
ئەو گرتەیەی رۆناڵدۆ، رووداوێکی هاوشێوەی چەند ساڵێک لەمەوپێشی خولەکەی بیرهێنایەوە کاتێک حەسەن کیتا، کە یاریزانی یانەی ئیتیحاد بوو لە ساڵی 2008 بەرامبەر یانەی شەباب، هەڵسوکەوتێکی هاوشێوەی کرد.
 
لە دوای ئەو رووداوەوە، ئەمیر سوڵتان بن فەهد عەبدولعەزیز، سەرۆکی گشتیی وەرزش و لاوانی سعودیە و سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەو وڵاتە، بڕیاری راگرتن و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانەی دەرکرد و بڕیاریدا لە داهاتووشدا هیچ یانەیەکی سعودی ناتوانێ گرێبەست لەگەڵ ئەو یاریزانە بکات، ئەمە جیا لەوەی هەڵسوکەوتی ئەو یاریزانە دۆکۆمێنتکرا و نێردرا بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی.
 
لە دوای هەڵسوکەوتەکەی ئەمجارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ژمارەی بەرچاوی هاندەران و جەماوەری تۆپی پێ، سەرکۆنەی کارەکەیان کرد و داوایان لە لیژنەی رێککار و رەوشتی فیدراسیۆنەکە کرد، تووندترین سزا بەسەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ بسەپێنرێت.
 
فەیسەڵ ئەبوسنین، یاریزانی پێشووی یانەی هیلال، لەبارەی رووداوەکەوە لە تویتەری خۆی نووسیوویەتی، "فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە لەبەردەم دووڕیاندایە، لەبارەی ئەو کارە شەرمهێنەی لە خولەکە روویداوە کە سنوور بۆ خەونەکانی خولەکە دادەنێت کە دەیەوێت بگاتە ئاستی جیهانی و رکابەریکردن لەسەر ئەو ئاستە و هێنانی ئەستێرە جیهانییەکان کە چێژ و سەنجڕاکێشیی زیاتر بە خولەکە دەبەخشن نەک هەڵسوکەوتی شەرمهێن و کاری ئابڕووبەرانە.
 
ئەو یاریزانە هەروەها نووسیوویەتی، "ئاخۆ رووپاماییکردن بەسەر چەسپاندنی یاسادا زاڵ دەبێت لە بەرامبەر ئەوانەدا کە یاسا پێشێل دەکەن".
 
لای خۆیەوە یانەی نەسڕ رایگەیاندووە ئەوەی رۆناڵدۆ کردوویەتی هەڵسوکەوتی نەشیا نەبووە بەرامبەر بە هاندەران، بەڵکو ئەو یاریزانە پێکانی هەبووە.
 
محەممەد عەنزی، میدیاکاری سعودی لەسەرچاوەکانی کارگێڕیی یانەی نەسڕی گواستووەتەوە کە ئەو لێکدانەوانە راست نین کە وەک تۆمەت ئاراستەی رۆناڵدۆ کراون. 
 
عەنزی دەڵێ، زانیاریم هەیە کە کارگێڕیی نەسڕ لەبارەی رووداوەکەوە دەڵێن رۆناڵدۆ پێکانی هەیە لەو جێگایەدا کە دەستی بۆ بردووە و هیچ جووڵەیەکی نەشیاوی بەرامبەر هاندەران نەکردووە، بەڵکو تەنیا لەو کاتەدا دەستی بۆ ئەو شوێنەی بردووە کە تێیدا هەستی بە ئازار کردووە.
 
ئەو میدیاکارە زیاتر گوتوویەتی، "ئەگەر تەماشای گرتەی ڤیدیۆیی ساتی چوونە دەرەوەی رۆناڵدۆ بکەینەوە، دەبینین کە لە کاتی چوونەدەرەوەدا لە یاریگە، تەماشای پلیکانەی یاریگە ناکات کە هاندەری لێ دانیشتون".
 
میدیاکارە سعودییەکە زیاتر دەڵێ، "رۆناڵدۆ یاریزانێکی گەورەیە و ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانەی لێناوەشێتەوە، ئەوە تەنیا رای من نییە و بەڵکو زانیارییە، هاندەرانیش ئازان لەوەی چ لێکدانەوەیەک لەبارەی هەڵسوکەوتەکەوە بکەن".
 
گرتەی هەڵسوکەوتەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ببینە..
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە