ناوبژیوانانی لالیگا گلەییان هەیە


رووداو دیجیتاڵ

ناوبژیوانانی لالیگا داوای "رێزگرتن"ی زیاتر دەکەن، پاش زیادبوونی سکاڵای یانەکانی خولی پلە یەکی ئیسپانیا لە ماوەی رابردوودا.
 
لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێ، "ئێمە کە ناوبژیوانی پیشەگەری تۆپی پێی ئیسپانیاین، دەمانەوێت دردۆنگیی قووڵی خۆمان لەبارەی ئەو دۆخەوە ئاشكرا بکەین کە ئێستا هاتووەتە ئاراوە".
 
ناوبژیوانەکان رووی دەمیان لە بەرپرسانی لالیگا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیایە.
 
بڵاوکراوەکە دەڵی، "جێگەی داخە کە لەلایەن بەرپرسانی دەستەی سەرپەرشتیاری لالیگا و بەرپرسە سەرەکییەکانییەوە بەردەوام هێرشمان دەکرێتە سەر". هەروەها ئاماژەی بەوەداوە کە ناوبژیوانان ئامانجی "هەڵمەتێکی رێکخراو و پلان بۆ داڕێژراوە".
 
لە دوای سەرهەڵدانی دۆسێی تۆمەتبارکردنی یانەی بارسێلۆنا بە گەندەڵی لە بابەتی پارەدان بە کۆمپانیایەک کە موڵکی خۆسێ ئینگریس نیگرێرای جێگری پێشووی سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا بووە، بابەتی ئاراستەکردنی رەخنە بۆ ناوبژیوانان، لە ئیسپانیا، خەستبووەتەوە.
 
دۆسێی گەندەڵییەکەی بارسێلۆنا لە میدیای ئیسپانیادا بە دۆسێی نیگرێرا ناسراوە. داواکاری گشتیی ئیسپانیا یانەی بارسێلۆنای تۆمەتبارکردووە بە پارەدان بەبڕی 7.3 ملیۆن یۆرۆ بەو کۆمپانیایە کە موڵکی نیگرێرا بووە.
 
بڕیارە یانەکانی خولی ئیسپانیا ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆبوونەوەیەکی ئاوارتە ئەنجام بدەن و خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆناش لە کۆبوونەوەکە ئامادە دەبێت.
 
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە یانەکانی ئەو وڵاتە بیر لەوە دەکەنەوە کە سەربەخۆیی تەواو بدەنە لیژنەی ناوبژیوانانی ئیسپانیا و کارەکانی لەژێر دەستی دەستەی سەرپەرشتیاری خولی ئیسپانیادا نەمێنێتەوە.