فەرمی.. فیفا بە تووندی سوپەرلیگ رەتدەکاتەوە

19-04-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن سوپەرلیگ فیفا
A+ A-

رووداو دیجیتال

یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، رەتیدەکاتەوە پاڵەوانێتییەک بە ناوی خولی سوپەری ئەوروپا لە دەرەوەی سنووری تۆپی پێی نێودەوڵەتی ئەنجام بدرێت.

فیفا لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا، گوتی "بەپێی ئەم پێشهاتە، ناکرێت فیفا بێجگە لە رەتکردنەوەی ئەنجامدانی خولێکی ئەوروپی جیاخوازی داخراو لە دەرەوەی سنووری تۆپی پێی نێودەوڵەتیدا، هیچ هەڵوێستێکی دیکەی هەبێت".

هەردوو یانەی یوڤێنتوسی ئیتالی و مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، رایانگەیاند کە 12 لە باشترین یانەکانی تۆپی پێی ئەوروپا، رێککەوتوون لەسەر بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکی نوێ بە ناونیشانی خولی سوپەری ئەوروپا.

گەورە بەرپرسانی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپاش، بێزاری و ناڕەزایەتی خۆیان لەم رێککەوتنەی یانەکان لەسەر دامەزراندنی پاڵەوانێتییەکی لەو جۆرە نیشاندا.

ئەمە لە کاتێکدایە، کە یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا دەیویست بەر لە راگەیاندنی ئەو پڕۆژە نوێیە لەلایەن ئەو یانانەوە، پڕۆژە نوێیەکەی چامپیۆنزلیگ رابگەینێت، کە بڕیارە بە بەشداری 36 یانە بەڕێوەبچێت.

بەپێی بەیاننامەی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی خولی سوپەری ئەوروپا، ئەم پێشبڕکێ نوێیەی تۆپی پێ بە بەشداری 20 یانە بەڕێوەدەچێت، کە 15 لەو یانانە بە دامەزرێنەر پۆلێنکراون و 5ـی دیکەش لە رێگەی بانگهێشتنامەوە بەشدار دەبن.

ئەو 5 یانانەی بانگهێشت دەکرێن لەسەر بنەمای ئاستی وەرزییان لە خولەکانی ناوخۆیاندا بانگهێشت دەکرێن و لەگەڵ ئەوەشدا تاوەکو ئێستا نادیار و نا روونە چۆن دەستنیشان دەکرێن یان بەشێوەیەکی گشتی بانگهێشت دەکرێن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە