بەیاننامەیەکی تووند لە یوێفاوە لەبارەی سوپەرلیگ


رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا، هەموو ئەو یانانە سزادەدات کە بەشداری لە رکابەرییەکانی سوپەرلیگدا دەکەن.

فیدراسیۆنەکە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، ئەو یانانەی بەشداری لەو پاڵەوانێتییەدا دەکەن، "رێگەیان پێنادرێت بەشداری لە هیچ پاڵەوانێتییەکی ناوخۆ، ئەوروپی و جیهانی بکەن، یاریزانەکانیشیان ناتوانن نوێنەرایەتی وڵاتەکانیان بکەن."

یوێفا دەڵێت " ئەگەر ئەمە روویدا، دووبارەیدەکەینەوە کە ئێمە و فیفا و هەموو ئەو فیدراسیۆنانەی ئەندامن، یەکگرتوو دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ راگرتنی ئەم پڕۆژە گاڵتەجاڕییە، کە پڕۆژەیەکە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خۆیەتی هەندێک لە یانەکان دانراوە، لەکاتێکدا کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیی بە یەکگرتنە".

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا، سوپاسی هەموو ئەو یانانە دەکات کە بیرۆکەی ئەو پاڵەوانێتییەیان رەتکردووەتەوە، بەتایبەتیش یانەکانی ئەڵمانیا و فەرەنسا، کە ئامادەنین بەشداری لە سوپەرلیگدا بکەن.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا گەورەترین دامەزراوەی تۆپی پێی ئەوروپا دەڵێت " داوا لە هەموو هەوادارانی تۆپی پێ و هاندەران و سیاسەتمەداران دەکەین، پاڵپشتیمان بکەن لە تێکوشان لە دژی ئەم پڕۆژەیە ئەگەر راگەیێندرا، لەکاتێکدا ئەمە بەرژەوەندیی کەسی کۆمەڵێک خەڵکە کە ماوەیەکی زۆرە ئەم کارەدەکەن، ئەمە بەسە".

12 یانە کە لە 6 یانەی ئینگلیزی، 3 یانەی ئیسپانی و 3 یانەی ئیتالی پێکهاتوون رەزامەندیان لەسەر بەشداریکردن لە خولی سوپەری ئەوروپا پێشانداوە.