هەموو شتێک لەبارەی خولی سوپەری ئەوروپا (سوپەرلیگ)

19-04-2021
ئیحسان تاهیر
خولی سوپەری ئەوروپا
خولی سوپەری ئەوروپا
نیشانەکردن خولی سوپەری ئەوروپا فلۆرێنتینۆ پێرێز
A+ A-

رووداو دیجیتال

خولی سوپەری ئەوروپا چییە؟ شێوەی پێشبڕکێکە و یانە بەشدارەکان و سزا چاوەڕوانکراوەکان چین؟ لەم راپۆرتەدا وەڵامی ئەم پرسیارانە وەربگرە و هەموو شتێک لەسەر ئەو پاڵەوانێتییە نوێیە بزانە.

لێرەدا بۆت دەردەکەوێت کە خولی سوپەری ئەوروپا، کە بە "سوپەرلیگ" ناودەبرێت، چۆن و چییە و چاوەڕوانی بەشداری لە چ یانەیەک دەکرێت و فیدراسیۆنە ناوخۆییەکان چ سزایەک دەسەپێنن؟.

هەواڵی بەربڵاوی ئەگەری دامەزراندنی خولی سوپەری ئەوروپا بە بەشداری یانە گەورەکانی ئەوروپا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنییەوە، کە دەکرێت کاریگەرییەکی گەورەی بەسەر جیهانی تۆپی پێ بە گشتی هەبێت.

بڕیاربوو رۆژی دووشەممە یوفا شێوەی نوێی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا رابگەیەنێت، بەڵام ئەو هەواڵەی لەبارەی خولی سوپەری ئەوروپاوە بڵاوبووەوە، نائارامی و قەیرانێکی راستەقینەی هێنایە ئاراوە.

چەند یانە بەشداری لە خولەکەدا دەکەن؟

بە پێی بەیاننامەی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی پاڵەوانێتییەکە، ئەم پێشبڕکێ نوێیەی تۆپی پێ بە بەشداری 20 یانە بەڕێوەدەچێت، کە 15 لەو یانانە بە دامەزرێنەر پۆلێنکراون و 5ـی دیکەش لە رێگەی بانگهێشتنامەوە بەشدار دەبن.

ئەو 5 یانانەی بانگهێشت دەکرێن لەسەر بنەمای ئاستی وەرزییان لە خولەکانی ناوخۆیاندا بانگهێشت دەکرێن و لەگەڵ ئەوەشدا تاوەکو ئێستا نادیار و نا روونە چۆن دەستنیشان دەکرێن یان بەشێوەیەکی گشتی بانگهێشت دەکرێن.

شێوەی خولی سوپەری ئەوروپا چۆنە؟

بەپێی ئەوەی تاوەکو ئێستا لەبارەی خولەکەوە راگەیێنراوە، ئەو 20 یانەی بەشداری لە خولی سوپەری ئەوروپادا دەکەن، بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشدەکرێن، کە هەر کۆمەڵەیەک 10 تیپ لەخۆی دەگرێت.

چوار یانە پلە بەرزەکەی هەر کۆمەڵەیەک بۆ قۆناخی چارەکی کۆتایی یان قۆناخی 8 سەردەکەون، کە ئەو قۆناخە لەگەڵ قۆناخی پێشکۆتایی بەشێوەی دوو یاریی چوون و گەڕانەوەی یەکلاکەرەوە بەڕێوەدەچن لەگەڵ یەک یاریی کۆتایی، رێک وەک چامپیۆنزلیگ.

کام یانە بەشداری لە خولی سوپەری ئەوروپادا دەکەن؟

6 یانەی پرێمەرلیگ لە خولی سوپەری ئەوروپا بەشداریی دەکەن، کە بریتین لە مانچێستەر یونایتد، مانچێستەر سیتی، چێڵسی، تۆتێنهام، ئارسیناڵ و لیڤەرپوول.

هەروەها 3 یانەی لالیگاش بەشداری تێدا دەکەن، ئەوانیش ریال مەدرید، ئاتلێتیکۆ مەدرید و بارسێلۆنا دەبن.

لە سێریا ئەیش بەهەمانشێوە 3 یانە بەشداری دەکەن، ئەوانیش هەریەک لە یوڤێنتوس، میلان و ئینتەرمیلانن.

هەروەها بڕیاربوو یانەکانی بایرن میونشن و پاریس سانجێرمانیش بەشداربوونی خۆیان رابگەینن، بەڵام تاوەکو ئێستا یانەکانی ئەڵمانیا و فەرەنسا رەتیانکردووتەوە بەشداری لەو پاڵەوانێتییەدا بکەن، وڵاتەکانیشیان دژی بیرۆکەی بەڕێوەچوونی ئەو پاڵەوانێتییەن، کە ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆکی فەرەنسا، هەر زوو پێشوازی لە ھەنگاوی یانەكانی وڵاتەکەی کرد بۆ رەتكردنەوەی بیرۆكەی خولی سوپەری ئەوروپا و پاڵپشتی خۆی بۆ فیفا و یوفا دووپاتكردەوە.

تەنانەت بۆریس جۆنسۆن، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا، رایگەیاند کە پلانی خولی سوپەری ئەوروپا زیانی زۆر بە تۆپی پێ دەگەیێنێت و گوتی "پاڵپشتێ دەستەڵاتداران دەكەین بۆ گرتنەبەری رێكارەكان، ھاندەران لەو بڕیارە نیگەرانن".

بەم جۆره 12 یانەی دامەزرێنەری پاڵەوانێتییەکە لە کۆی 20 یانەی بەشدار لە خولەکەدا، بوونیان مسۆگەر دەبێت.

تیپ و یاریزانە بەشداربووەکان چ سزایەک وەردەگرن؟

یوفا سزای تووندی دژ بە هەموو ئەو یانانە راگەیاند کە لە خولی سوپەری ئەوروپادا بەشداری دەکەن، هەروەها یاریزانەکانیش بێبەش نابن لەو سزایانە.

یوفا لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا، لەو بارەیەوە دەڵێت "ئەو یانانەی بەشداری لە سوپەرلیگدا دەکەن، رێگەیان پێنادرێت بەشداری لە هەر خول و پاڵەوانێتییەکی دیکە لەسەر ئاستی ناوخۆیی یان ئەوروپی یان نێودەوڵەتی بکەن، لەوانەشە رێگە بە یاریزانەکانیشیان نەدرێت درێسی هەڵبژاردەی نیشتیمانیی وڵاتەکانیان لەبەربکەن.

هەروەها وەک پێشتر یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاندبوو، دەکرێت رێگە لەو یاریزانانە بگیرێت بەشداری لە گەورەترین پاڵەوانێتی تۆپی پێ لەسەر ئاستی جیهاندا بکەن، کە مۆندیالە.

ئەوەی جێگەی سەرنج و زۆریش گرنگە، ئەوەیە کە یەکێتیی خولەکانی ئینگلتەرا، ئیسپانیا و ئیتالیا و هەروەها دەستەی بەڕێوەبردنی ئەو خولانەش بە بڵاوکراوەی فەرمی پشتگیریی خۆیان بۆ یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا دووپاتکردووەتەوە و هەموویان بیرۆکەی خولی سوپەری ئەوروپا رەتدەکەنەوە.

کێ ئەم کارەی کردووە؟

بیرۆکە و پلانی ئەم پاڵەوانێتییە لەلایەن فلۆرێنتیۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید و ئاندریا ئانێلیی سەرۆکی یانەی یوڤێنتوسەوە دانراون، کە ئەو دوو پیاوە لەپشت گۆرانكارییە گەورەكەی تۆپی پێوەن.

ئەگەر ئەم پلانە سەریگرت فلۆرێنتینۆ پێرێز دەبێتە سەرۆکی پاڵەوانێتییەکە، ئاندریا ئانێلی سەرۆكی یوڤێنتوسیش دەبێت واز لە پۆستەكەی لە لیژنەی جێبەجێكاری یوفا و سەرۆكی دەستەی یانەكانی ئەوروپا بھێنێت، بەھۆی بەشداریكردنی یانەكەی لە خولی سوپەری ئەوروپا.

فلۆرێنتینۆ پێرێز، لەبارەی خولی سوپەری ئەوروپاوە، رایگەیاند "ئێمە لە ھەموو لایەكەوە ھاوكاریی تۆپی پێ دەكەین و دەمانەوێت لەسەر رێگەی راست بێت".

پارەیەکی خەیاڵی

ئەوەی وایکردووە یانە گەورەکانی ئەوروپا رازی بن بەشداری لەم پاڵەوانێتییەدا بکەن، ئەو پارە خەیاڵییەیە کە لەبری بەشداریکردن پێیان دەدرێت، بە جۆرێک کە ھەر تیپێک رازی بێت بەشداری لە سوپەرلیگدا بکات، بڕی 425 ملیۆن یۆرۆی پێدەدرێت وەک پاداشت، بێجگە لەوەی هەر یانەیەک بە بردنەوەی هەر یارییەک و تێپەڕاندنی قۆناخێک پارەیەکی زیاتر وەردەگرێت.

لێکەوتەکانی ئەم پاڵەوانێتییە

ئەگەر فیفا و یوفا بە یارمەتی چەند وڵاتێکی ئەوروپا، نەیانتوانی رێگە لە ئەنجامدانی ئەم پاڵەوانێتییە بگرن، بێگومان لێکەوتەی زۆری دەبێت، کە ئەمانە هەندێک لەو ئەگەرانەن:

* بە ئەگەرێکی زۆر یارییەکانی چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگی ئەم وەرزە دوادەخرێن تا ئەو بابەتە یەکلادەبێتەوە.

* دەنگۆ ھەیە یانەی پاریس سانجێرمان راستەوخۆ وەک پاڵەوانی چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزە دیاریبکرێت، چونکە سێ یانەکەی دیکەی گەیشتوو بە قۆناخی پێشکۆتایی، بەفەرمی بەشداری خۆیان لە سوپەرلیگدا راگەیاندووە و بەدڵنیاییەوە لەلایەن یوفاوە دووردەخرێنەوە و سزا دەدرێن.

* ئەگەر ھەیە فایناڵی یۆرۆپالیگ لە نێوان رۆما و ڤیاریال بکرێت.

* بی بی سی: قۆناخی پێشكۆتایی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگ ھەڵدەوەشێتەوە.

* چاوەڕواندەكرێت پاڵەوانێتییەكی تایبەت بە خانمانیش دوای سوپەرلیگ رێكبخرێت.

* یارییەکانی سوپەرلیگ لە ناوەڕاستی ھەفتەدا دەکرێن و کێشە بۆ یارییەکانی خول دروستناکەن.

* کۆی پارەی دەستکەوتوو لە خولەکە 10 ملیار دۆلار دەبێت.

* ھەر 12 یانە بەشدارەکە، کە بە یانەی دامەزرێنەر ناسراون دەبێت بەفەرمی یوفا جێبھێڵن.

* ھەموو ئەو یانانەی بەشداری دەکەن لەلایەن یوفاوە بلۆک دەکرێن، ئەگەر بیانەوێت بگەڕێنەوە دەبێت لە خولی پلە پێنجی وڵاتەکانیانەوە دەستپێبکەنەوە.

* ئەی ئێس: ئەمە دوایین وەرزی ریال مەدریدە لە چامپیۆنزلیگدا.

* دەستەی گشتیی یانەكانی ئەوروپا پاڵپشتی خۆی بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا دووپاتكردەوە بۆ دژایەتیكردنی خولی سوپەری ئەوروپا.

* لالیگا و بوندێسلیگا بەفەرمی دژایەتیی خۆیان بۆ بیرۆكەی بەڕێوەبردنی خولی سوپەری ئەوروپا پێشاندا.

* سەرچاوەکان: ئەگەر سوپەرلیگ ئەنجامیش نەدرێت، ئەوا ریال مەدرید بۆی نییە بەشداری لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا بکاتەوە تاوەکو فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەکە بێت، چونکە ئەو سەرۆکی سوپەرلیگە.

* ئەنجوومەنی خولی ئیسپانیا بیر لەوە دەکەنەوە کە ئەگەر ئاتلێتیکۆ مەدرید یان ریال مەدرید یان بارسێلۆنا نازناوی لالیگا مسۆگەر بکەن، جامەکەیان پێنەدەن و راستەوخۆ یانەی پلەی چوارەم ببێتە پاڵەوان، واتا سێڤییا.

* ئەی ئێس: ئیسپانیا، ئینگلتەرا و ئیتالیا بیر لە ھەڵوەشاندنەوەی یارییەكانی ئەم وەرزەی خولی ناوخۆیان دەكەنەوە و نایانەوێت پاڵەوانی خول بە بردنەوەی نازناو بگاتە سوپەرلیگ.

* ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی خولی سوپەری ئەوروپا، بەمشێوەیە دەبێت:

فلۆرێنتینۆ پێرێز - سەرۆك
ستان كرۆنكی - جێگری سەرۆك
ئاندریا ئانێلی - ئەندام
جۆن دەبلیۆ ھێنری - ئەندام
جۆیل جلیزەر - ئەندام.





کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە