چوار راهێنەر بۆ شوێنی تاتا مارتینۆ


رووداو - هەولێر

لەگەڵ ئەوەی جێراردۆ تاتا مارتینۆ راگەیاندووە تا كۆتایی گرێبەستەكەی لە یانەی بارسیلۆنا بەردەوام دەبێت، بەڵام بەهۆی ئەنجامە خراپەكانی یانەكەی و دەستبەتاڵبوونی لە دوو پاڵەوانیەتیی و مەترسی دەرچوونی لە ركابەرییەكانی لالیگاش، لە ئێستاوە باس لە چوار ناو دەكرێت بۆ شوێنگرتنەوەی تاتا.

ئێرنستۆ فاڵێردی، راهێنەری ئاتلەتیك بلباو، فرانك دی بوێر راهێنەری ئەیاكس ئەمستردام، باكۆ خێمێنێز راهێنەری رایۆ ڤاییكانۆ و لویس ئێنریكی یاریزانی پێشووی بارسا و راهێنەری ئێستای سێلتاڤیگۆ، ئەو ناوانانەن كە رۆژنامەی ئیلمۆندۆ دیپۆرتیڤۆی نزیك لە یانەی بارسیلۆنا، بڵاویكردوونەتەوە و وەكو جێگرەوە بۆ تاتا ناویان هاتووە.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەداوە فالفێردی لەلایەن زۆربیزارێتا، بەڕێوەبەری وەرزشی بارسیلۆنا پاڵپشتی دەكرێت، بەهۆی ئەوەی پەیوەندییەكی بەهێزیان هەیە و جگە لەوەش ئەو راهێنەرە ئەم وەرزە لەگەڵ بلباودا سەركەوتوو بووە.

هەروەها فرانك دی بوێر تا 2017 لەگەڵ ئەیاكس گرێبەستی هەیە، بەڵام میدیاكانی هۆڵەندا رایانگەیاندووە دی بوێر شوێنی تاتا دەگرێتەوە، هەرچەندە دی بوێر لە دوالێدواندا خۆشحاڵیی خۆی بە كاركردن لە ئەیاكس دەربڕیوە.

سەبارەت بە ئینریكی كە بە "میراتگری پیپ گواردیۆلا" ناوی دێت، پێشتر لە ئامانجەكانی یانەكە بوو، ئەویتریشیان، باكۆ خێمنێز لەلای یانەی بارسیلۆنا رێزی هەیە بەهۆی كەسایەتی و پلانی بەهێزی.

تاتا رایگەیاندووە لە تیپەكەی بەردەوام دەبێت، بەڵام پێدەچێت ئەنجامەكانی لەم وەرزەدا شوێنەكەی پێ لەق بكەن و راهێنەرێكی دیكە شوێنی بگرێتەوە.