بەرپرسێکی خولی سعودییە باسی گرێبەستکردن لەگەڵ ڤینیسیۆس و سەڵاح دەکات

19-03-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن خولی سعودیە ڤینیسیۆس جونیۆر کریستیانۆ رۆناڵد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

محەممەد بەسڕاوی، بەڕێوەبەری گشتیی بازاڕکردن و پەیوەندییەکان لە دەستەی خولی سعودیە، باسی لە ئەگەری گرێبەستکردنی یانەکانی خولەکە لەگەڵ ڤینیسیۆس جۆنیۆر و محەممەد سەڵاح کردووە، هەروەها هەڵوەستەی لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کردووە.
 
بەسڕاوی لە چاوپێکەوتنێکدا، لەبارەی گرێبەستکردنی یانەکانی خولەکە لەگەڵ ڤینیسیۆس جۆنیۆر، دەڵێ، "ئێمە وەک دەستەی سەرپەرشتیاری خولەکە دەستوەرنادەینە نێو کاروباری هیچ کام لە یانەکان، ئایا حەزدەکەین لێرە بن؟ بێگومان حەزدەکەین، بەڵام ئێمە وەک دەستەی خول دەستەوارەکان هەڵنابژێرین، بەڵکو کارەکە لە دەستی یانەکاندا دەهێڵینەوە".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "پێموایە ئەو پارەیەی باسدەکرێت زێدەڕۆیی تێدایە، بەڵام ئێمە پارەکانمان بۆ بەرزکردنەوەی بەهای خولی سعودیە بەکاردەهێنین بەشێوەیەکی گشتی. ئێمە هاوکاریی یانەکان دەکەین بۆ بەرزکردنەوەی ئاستیان، لە رێگەی گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانان و هەندێک رێوشوێنی دیکەش".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "دەبێ ئەورووپییەکان لەوە تێبگەن کە ئابووریی تۆپی پێ لە هەموو جیهاندا گەشە دەکات، لە سعودیەش بەهەمان شێوە. بەڵام پێموایە ژمارەکان زێدەڕۆییان تێدایە و بیرۆکەکەمان تەنیا پارە خەرجکردن نییە لەپێناو خەرجکردن، بەڵکو خەرجکردنە لەپێناو ستراتیژیەتێک کە هاوکارمان بێت بۆ گەشەکردن".
 
گرێبەستی ڤینیسیۆس جۆنیۆر لەگەڵ ریال مەدرید تاوەکو 2027ە، بەڵام سەرچاوەکان زۆر ئەوە دووپاتدەکەنەوە کە ئەو یاریزانە هاوینی داهاتوو پەیوەندی بە یانەکانی خولی سعودیەوە دەکات، بەتایبەت کە بەپێی سەرچاوەکان، یانەکانی سعودیە دەستەوارەی خەیاڵییان خستووەتە بەردەستی ئەو یاریزانە.
 
لە بەرامبەردا محەممەد سەڵاح گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا کۆتایی دێت و تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێک بەئاراستەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکە نەنراوە.
 
بەسڕاوی دەڵێ، "سەڵاح لە باشترین یاریزانەکانی جیهانە، جەماوەرێکی زۆری هەیە، هیوادارم بێتە خولی سعودیە، ئێمە دەرگامان بۆ کردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دانوستاندنمان لەگەڵدا نەکردووە".
 
بەسڕاوی لەبارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە دەڵێ، "لەبارەی ئەو بابەتەوە زۆر پرسیارم لێکراوە، کریستیانۆ تەنیا یاریزانێکی تۆپی پێ نییە، بەڵکو کەسایەتییەکی بەناوبانگ و براندێکی بازرگانیی گەورەیە، کە ملیۆنان کەس چاویان لەسەریەتی، بەڵام ستراتیژی ئێمە تەنیا لەسەر ئەو نییە. بەڵکو یانە و یاریزانانی دیکەش دەگرێتەوە، ئەستێرەکان دێن و دەڕۆن، هێشتنەوەی رۆناڵدۆ لە خولەکەدا خۆی بۆخۆی ئاڵنگارییەکی گەورەیە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە