مۆدریچ بە بڕیارێک ریال مەدرید سەرسام دەکات

19-03-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لوکا مۆدریچ ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لوکا مۆدریچ، یاریزانی کرواتیی یانەی ریال مەدرید، کە تەمەنی 39 ساڵە، سوودی لەوە وەرگرتووە کە بەشێوەیەکی رێکخراو بەشداری لە یارییەکانی یانەکەی وەربگرێت، بۆیە هەست دەکات هێشتا توانای پێشکەشکردنی ماوە، بۆیە دەیەوێت تەنانەت وەک یاریزانێکی یەدەگیش بمینێتەوە و داوای کردووە بۆ وەرزێکی دیکە لەگەڵ یانەکەی بمێنێتەوە.
 
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەڤانی بەنێوبانگ و پسپۆڕ لە هەواڵەکانی گواستنەوەی یاریزانان، رایگەیاند، لۆکا مۆدریچ دەیەوێت بۆ وەرزێکی دیکە لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بمێنێتەوە، خواستی ئەویش ئەوەیە لەگەڵ یانەکە بمێنێتەوە و بەشێک بێت لە پێکهاتەکەی، بە واژۆکردنی گرێبەستێکی نوێ تاوەکو مانگی حوزەیرانی 2026.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، جارێکی دیکە بژاردەی یەکەمی مۆدریچ وەک هەمیشە ریال مەدریدە. ئەگەر ئەوە رووبدات لوکا مۆدریچ لە تەمەنی 40 ساڵیدا یاری بۆ مەدرید دەکات.
 
لۆکا مۆدریچ، یاریزانی قاڵ، سەلماندی کە تەمەن تەنیا ژمارەیەکە، بەو پێیەی ئامارەکان دەریدەخەن کە لەم وەرزەدا یاریی لەنێو سەرجەم یاریزانانی ریال مەدریددا زۆرترین یاری ئەنجامداوە.
 
ئامارەکان دەریدەخەن مۆدریچ لەم وەرزەدا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا لە هەموو یاریزانانی ریال مەدرید زیاتر یاری کردووە، چ بۆ یانەکان و چ بۆ وڵاتەکەی، کە 51 یاری ئەنجامداوە، لەنێویاندا 45 یاری بۆ ریال مەدرید.
 
ئەوەی گرنگی مۆدریچ دەردەخات ئەوەیە، بە تێڕوانین لە پێنج یاریی رابردووی یانەی ریال مەدرید لە لالیگادا، لە چوار یارییدا بەسەرەکی دەستیپێکردووە، لەکاتێکدا لە یارییەکەی شەممەی رابردوودا بەرامبەر ڤیاریال، کە بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بردیانەوە وەک یاریزانێکی یەدەگ دەرکەوت، کە تەنیا سێ رۆژ پێشتر لە پێکهاتەی سەرەکیدا بوو بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید لە چامپیۆنزلیگ.
 
لوکا مۆدریچ لەم وەرزەدا 45 یاری لەگەڵ یانەی ریال مەدرید ئەنجامداوە (27 یاری لە لالیگا، 12 لە چامپیۆنزلیگ، 3 لە جامی شا، 1 لە جامی سوپەری ئیسپانیا، 1 لە جامی سوپەری ئەورووپا، 1 لە جامی کیشوەرەکان بۆ یانەکان)، ئەمە جگە لەوەی 6 یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی کرواتیا ئەنجامداوە.
 
لە کۆتایی وەرزی رابردوودا گومان لەسەر داهاتووی مۆدریچ لە ریال مەدرید هەبوو، بەڵام رەزامەندی دەربڕی لەسەر درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ وەرزێکی دیکە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە قسە و باسێکی زۆر لەسەر ئەوە دەکرا کە ئەمە دوایین وەرزی دەبێت لەگەڵ یانەکە.
 
بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کارلۆ ئەنچێلۆتی متمانەیەکی زۆری پێیە و هیچ کێشەیەک دروست ناکات کاتێک وەک یاریزانی یەدەگ یان بۆ ماوەیەکی کورت یاری دەکات، دەکرێت بۆ وەرزێکی دیکە بمێنێتەوە، هەرچەندە بابەتەکە بەندە بەئەنجامەکانی تیپەکە لە کۆتایی وەرز و بەردەوامبوونی راهێنەرە ئیتاڵییەکە یان رۆیشتنی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە