ریال مەدرید دەیەوێت سیناریۆی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دووبارە بکاتەوە

19-03-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئەلیخاندرۆ گارناچۆ ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، یەکێک لە بەهرەمەندە دیارەکانی یاریگەکانی پرێمەرلیگی کردووەتە ئامانج و دەیەوێت سیناریۆی بردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد دووبارە بکاتەوە.
 
قسەکردن لەسەر ئەلیخاندرۆ گارناچۆی ئەرجەنتینییە، یاریزانی باڵی مانچێستەر یونایتد، کە تەمەنی تەنیا 19 ساڵە، بەڵام بووەتە توخمێکی سەرەکی لە پێکهاتەی ئێریک تێن هاگی راهێنەری هۆڵەندی.
 
بەپێی هەواڵێک، کە رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، پێرێز چاوی خستووەتە سەر یاریزانە ئەرجەنتینییەکە، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بیباتە ریزەکانی یانەی شاهانە.
 
رۆژنامەکە بەپشتبەستن بە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا بڵاویکردەوە، سەرۆکی یانەی شاهانە ئامانجی گواستنەوەی گارناچۆی هەیە لە سیناریۆیەکی هاوشێوەی ئەوەی لە ساڵی 2009 روویدا کاتێک کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆدا بە هاندەرانی یانەکەی ناساند.
 
رۆناڵدۆ دوای ساڵێک لە درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ شەیتانە سوورەکان پەیوەندی بە یانەی مێرێنگەوە کرد و بووە گرانترین یاریزان لە مێژوودا بە بەهای 94 ملیۆن یۆرۆ.
 
گارناچۆ پێشتر نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر شانبەشانی رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەی مانچێستەر یونایتد یاری کرد، ئەو یاریزانە لاوە چەندینجار سەرسامی خۆی بۆ ئەفسانەی یانەکە نیشاندا و لە کاتی گۆڵکردن لەسەر شێوازی ئەو ئاهەنگ دەگێڕێت و تەنانەت چەندینجار دانی بەوەداناوە کە رۆناڵدۆ یاریزانی دڵخوازی خۆیەتی.
 
گارناچۆ سەرکەوتوو بوو لە سەلماندنی تواناکانی خۆی لە ئۆڵدترافۆرد، کە لەم وەرزەدا لەگەڵ یونایتد لە 38 یارییدا بەشداری کردووە، لەو ماوەیەدا 7 گۆڵی تۆمارکردووە و 7 ئاسیستی هەیە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ ماوەی 9 ساڵ لەگەڵ ریال مەدرید یاری کردووە، پێش ئەوەی بڕوات، و ئەو گۆڵکاری مێژوویی تیپەکەیە بە تۆمارکردنی 450 گۆڵ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە