ڤیدیۆ؛ عێراق بە 4 یاریزانی کوردەوە خۆی بۆ پاڵاوتنەکانی مۆندیال ئامادەدەکات

19-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
هەڵبژاردەی عێراق
هەڵبژاردەی عێراق
نیشانەکردن هەڵبژاردەی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی عێراق لەسەر ئامادەکارییەکانی بۆ دوو یاریی داهاتووی لە رکابەرییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 بەردەوامە، کە یاریی یەکەمی لە رۆژی 21ـی ئەم مانگە دەبێت.
 
هەڵبژاردەی عێراق بە گۆڕانکارییەکی گەورەوە و بە پشتبەستنی زیاتر بە یاریزانانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، خۆی بۆ یاریی گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکان لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال ئامادەدەکات، کە رۆژی پێنجشەممە بەرامبەر فیلیپن یاریی دەکات.
 
عێراق دوای ئەوەی لە دوو یاریی یەکەمی پاڵاوتنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لە جامی ئاسیادا سەرەڕای ئەوەی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بەهێزەوە دەرکەوت، بەڵام دواتر بەرامبەر ئوردن دەرکرا، دەیەوێت بەبردنەوەی ئەم یارییە جارێکی دیکە هاندەرانی دڵخۆش بکاتەوە.
 
خیسوس کاساس، راهێنەری ئیسپانیی هەڵبژاردەی عێراق، بڕیارییداوە تیپەکەی لە میدیا دووربخاتەوە، لە مەشقەکاندا تەنیا 15 خولەک رێگە بە وێنەگرتنی مەشقەکان دەدرێت و نابێت هیچ یاریزانێک لێدوان بۆ میدیاکان بدات.
 
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراقدا بۆ ئەم دوو یارییەی بەرامبەر فیلیپین، 4 یاریزانی کورد بانگهێشتکراون، کە ئەمانەن، مێرخاس دۆسکی، یاریزانی یانەی سلۆڤاکۆی چیکی، یوسف ئەمین، یاریزانی یانەی ئینتراخت براونشڤیگی ئەڵمانی، ئوسامە رەشید، یاریزانی یانەی ڤیزێلای پۆرتوگالی و ئەحمەد یاسین، هێرشبەری یانەی خلودی سعودی.
 
شەوی پێنجشەممە کاژێر 22:00 عێراق لە بەسرە میوانداریی فیلیپین دەکات، هەڵبژاردەکە لە دوو یاریی رابردوودا سەرکەوتنی بەرامبەر ئیندۆنیزیا و ڤێتنام بەدەستهێناوە، 6 گۆڵی تۆمارکردووە و هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە.
 
رۆژی 26ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردەی لە گەڕی چوارەمدا جارێکی دیکە بەرامبەر فیلیپین یاریی دەکات، کە ئەو یارییەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێت.
 
لە ئەگەری بردنەوەی هەردوو یارییەکەی بەرامبەر هەڵبژاردەی فیلیپین، عێراق سەرکەوتنی بۆ جامی ئاسیای 2027 یەکلادەکاتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە