ریال مەدرید تووڕەیە و چیدی قبوڵ ناکات

19-03-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جونیۆر رەگەزپەرستی
A+ A-
رووداو دیجیاڵ

بەهۆی رەگەزپەرستی و سووکایەتەکانی دژی ڤینیسیۆسەوە، یانەی ریال مەدرید جارێکی دیکە ددانەکانی خۆی تیژ دەکاتەوە و چیدی قبوڵ ناکات.
 
یانەی ریال مەدرید بەیاننامەیەکی تووندی سەبارەت بە ڤینیسیۆس جونیۆری ئەستێرە بەرازیلییەکەی بڵاوکردەوە، بەهۆی ئەوەی لە یارییەکەی یانەکەی بەرامبەر ئۆساسونا روویدا.
 
ریال مەدرید لە گەڕی 29ـی خولی ئیسپانیادا، سەردانی یاریگەی ئیل سەداری تایبەت بە یانەی ئۆساسونای کرد و تیپی شاهانە بە ئەنجامی 4-2 سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام لەو یارییەدا ڤینیسیۆس جونیۆر کە دوو گۆڵی تۆمارکرد، لە دواخولەکەکانی گێمی یەکەمدا کارتێکی زەردی وەرگرت بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە ناوبژیوان، کە بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتەکانی تووشی سڕکردن بوو، و بەهۆیەوە بەشداری لە یاریی ئاتلێتیک بیلباودا ناکات، کە یەکێکە لە یارییە گرنگەکانی ئەم وەرزەی ریال مەدرید.
 
یانەی ریال مەدرید لە بەیاننامەکەیدا پشتڕاستیکردەوە کە ڤینیسیۆس لە کاتی یارییەکەی ئۆساسونادا جارێکی دیکە رووبەڕووی سووکایەتیی رەگەزپەرستانە بووەتەوە.
 
ریال مەدرید لە بەیاننامەکەیدا رایگەیاندووە "دوای ئەو سووکایەتییە جددیانەی کە جارێکی دیکە لەنێو یاریگەی ئەلسەدار ئاراستەی یاریزانەکەمان ڤینیسیۆس جونیۆر کران لە دوایین یارییماندا لە لالیگا، یانەکەمان سکاڵایەکی ئاراستەی لیژنەی دیسپلینی یەکێتیی تۆپی پێی شاهانەی ئیسپانیا کرد لە دژی ناوبژیوانی یارییەکە، خوان مارتینێز مونوێرا، بەهۆی ئەوەی کە کەمتەرخەمی لە داڕشتنی راپۆرتی ناوبژیواندا کردووە".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەم ناوبژیوانە بەئەنقەست ئەو سووکایەتی و هاوارە رەگەزپەرستانەی کە چەندینجار ئاراستەی یاریزانەکەمان ڤینیسیۆس جونیۆر دەکران پشتگوێخستووە، سەرەڕای ئەوەی بەبەردەوامی لەلایەن یاریزانەکانمانەوە ئاگادار دەکرایەوە".
 
لە درێژەی بەیاننامەکەی ریال مەدریددا هاتووە "جگە لەوەش یانەی ریال مەدرید سکاڵایەکیشی پێشکێشی دەسەڵاتی فیدراڵی کردووە سەبارەت بەو سووکایەتی و  رەگەزپەرستییەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێکراوە، هەروەها رەوانەی لیژنەی دەوڵەتی کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی و رەگەزپەرستی و رق و کینە و لێبوردەیی لە وەرزشدا، بۆ ئەوەی ئەوانەی کارە رەگەزپەرستییەکەیان کردووە دەستنیشان بکرێن و سزا بدرێن".
 
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، ریال مەدرید نووسیویەتی "لەبەر رۆشنایی ئەم رووداوە قێزەوەنانە، کە لەنێو یاریگای ئێل سەدار روویاندا، ریال مەدرید ئەو سکاڵایەی کە هەینی رابردوو پێشکێشی داواکاریی گشتی دەوڵەتی کردبوو، لە دژی تاوانەکانی رق و کینە، فراوانتر کردووە، ئەمەش بەهۆی ئەو سووکایەتی و دروشمە رقاویانەی کە ئاراستەی ڤینیسیۆس جونیۆر کراون لە دەوروبەری یاریگەی ئۆڵیمپی مۆنتجویک و یاریگەی میترۆپۆلیتانۆ لە مەدرید، ئێمە داوای دەستنیشانکردنی ناسنامەی تاوانباران دەکەین".
 
یانەی شاهانە لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا، دەڵێت "ریال مەدرید جارێکی دیکە سەرکۆنەی ئەم هێرشە توندوتیژانەی رەگەزپەرستی و جیاکاری و رق و کینە دەکات و داوا دەکات رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر، لەپێناو نەهێشتنی ئەو توندوتیژییەی یاریزانەکەمان ڤینیسیۆس تووشی بووە، بەشێوەیەکی یەکجارەکی و بۆ هەمیشە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە