خاوەنە نوێیەکەی مانچێستەر یونایتد: گواستنەوەی ئێمباپێ کارێکی زیرەکانە نییە
رووداو دیجیتاڵ
سێر جیم راتکلیف، کە لە ماوەی رابردوودا بەشێوەیەکی فەرمی بووە خاوەنی 27.7٪ پشکەکانی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، باس لەوە دەکات کە یانەکەی هەوڵی گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانی سوپەرستاری وەک کیلیان ئێمباپێ و جود بێلینگهام نادات.
راتکلیف لە مانچێستەر یونایتد سەرپەرشتی هەموو کاروبارێکی پەیوەست بە وەرزشەوە دەکات، لە رابردوودا چەند جارێک ئاماژەی بەوە داوە کە دەیەوێت یانەکەی بگەڕێنێتەوە لووتکەی تۆپی پێی جیهان، بەڵام پێیوایە کە گواستنەوەی یاریزانی گەورە و بەنێوبانگ رێگە راستەکە نییە و ئەوە نایگەیەنێت بە ئامانجەکەی.
خاوەنە نوێیەکەی مانچێستەر یونایتد لە هەڤپەیڤینێکدا لەبارەی گرێبەستکردن لەگەڵ جود بێلینگهامی ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدەوە پرسیاری لێدەکرێت و لە وەڵامدا دەڵێت "ئەو یاریزانێکی نایابە، بەڵام سەرنجمان لەسەری نییە، چارەسەری کێشەکان ئەوە نییە بڕە پارەیەکی زۆر لە گواستنەوەی چەند یاریزانێکی گەورە خەرجبکەیت. یەکەمین کار کە پێویستە بیکەین ئەوەیە چەند کەسێکی شارەزا بهێنین کە یانەکە رێکبخەن و بەڕێوەی ببەن، ئەوە بەشێکی زۆر گرنگی تۆپی پێی مۆدێرنە."
راتکلیف زیاتر دەڵێت "گواستنەوەی ئێمباپێ کارێکی زیرەکانە نییە، چونکە ئەو یاریزانێکی دیارە و هەمووان دەزانن کە ئەو یاریزانێکی نایابە. ئاڵنگارییەکە ئەوەیە کە ئێمباپێی داهاتوو، بێلینگهامی داهاتوو و رۆی کینی داهاتوو بدۆزیتەوە و گرێبەستیان لەگەڵدا بکەیت."
چاوەڕوانییەکان بۆ راتکلیف زۆرن، ملیاردێرە بەریتانییەکە بڕی 237 ملیۆن پاوەندی بۆ نۆژەنکردنەوەی ئۆڵدترافۆرد و کارینگتن تەرخانکردووە، هاندەرانی مانچێستەر یونایتد هیوای ئەوە دەخوازن هاتنی راتکلیف یەکەم هەنگاوی هەڵسانەوەی مانچێستەر یونایتد بێت و جارێکی دیکە یانەکە بگەڕێتەوە سەردەمی چنینەوەی نازناوەکان.