یەکەم لێدوانی براهیم دیاز دوای گەیشتنی بۆ مەغریب

19-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن براهیم دیاز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

براهیم دیاز، ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید دوای ئەوەی بڕیارییدا یاری بۆ هەڵبژاردەی مەغریب بکات، لەنێو پێشوازییەکی گەورەدا گەیشتە ئەو وڵاتە و دەڵێت "ئەمە باشترین شوێنە بۆ من و زۆر دڵخۆشم لێرەم."
 
دیاز دوو هەفتە لەمەوبەر بڕیارییدا یاری بۆ هەڵبژاردەی مەغریب بکات، لەکاتێکدا بنەچەی مەغریبییە و خۆی لە ئیسپانیا لە دایکبووە، بڕیارەکەی دیاز بۆ یارییکردن بەدرێسی هەڵبژاردەی مەغریبەوە پێشوازییەکی گەورەی لێکرا و هەر زوو یاریزانەکە بۆ دوو یاریی داهاتووی ئەو هەڵبژاردەیە بانگهێشتکرا.
 
رۆژی دووشەممە براهیم لەنێو پێشوازییەکی گەورەی بەرپرسانی تۆپی پێ و هاندەرانی مەغریب پێشوازیی لێکرا و یاریزانەکەش بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە دەرکەوت.
 
دوای گەیشتنی بە مەغریب دیاز قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "زۆر دڵخۆشم لێرەم، شانازی بەوەوە دەکەم کە لێرەم، ئەو سۆز و خۆشەویستییەی لێرە بینیم شتێکی بێ وێنەیە و دەمەوێت لە یاریگەدا وەڵامی ئەوە بدەمەوە، ئێرە باشترین شوێنە بۆ ئەوەی ئەوە بکەم."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە پەیامی بۆ گەلی مەغریب چییە لەم ساتە گرنگەی کاروانی یارییکردنیدا؟ براهیم دیاز گوتی "سوپاس بۆ پاڵپشتی و سۆزتان، من یەکێکم لە ئێوە، زۆر پابەندم بە گەلی مەغریبەوە، هەموو توانایەکم دەخەمەگەڕ بۆ ئەوەی هاندەران و هەڵبژاردەی مەغریب دڵخۆش بکەم و هەموو تاکێکی مەغریبی شانازی بەم درێسەوە بکات."
 
براهیم دیاز لەکاتێکدا بڕیارییدا یاری بۆ هەڵبژاردەی مەغریب بکات، پێشتر یاریی بۆ هەڵبژاردەکانی خوار 17 ساڵان، خوار 19 ساڵان و خوار 21 ساڵانی ئیسپانی کردووە و یارییەکیشی بەدرێسی هەڵبژاردەی یەکەمی ئەو وڵاتەوە ئەنجامداوە.
 
رێگەدانی فیفا بۆ ئەوەی یاریزانەکە یاری بۆ مەغریب بکات ئاسان بوو، بەتایبەت کە یاریزانەکە ئەو یارییەی بۆ هەڵبژاردەی یەکەمی ئیسپانیا ئەنجامیدابوو یارییەکی دۆستانە بوو بەرامبەر لیتوانیا و هیچ یارییەکی فەرمیی بۆ ئەو هەڵبژاردەیە نەکردبوو.
 
مەغریب دوو یاریی دۆستانە لە 23 و 27ـی ئەم مانگە، بەرامبەر هەردوو هەڵبژاردەی ئەنگۆلا و موریتانیا ئەنجامدەدات و ئە دوو یارییە دەبنە سەرەتای دەرکەوتنی براهیم دیاز بەدرێسی هەڵبژاردەی وڵاتەکەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە