گواردیۆلا نەبووایە هالاند ئێستا خاوەنی 54 گۆڵ دەبوو

19-03-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئێرلینگ هالاند
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی تۆپی پێی نەرویج و یانەی مانچێستەر سیتی لەسەر تۆمارکردنی ریکۆردە مێژووییەکانی بەردەوامە، بەڵام گۆڕانکاریپێکردنی لەلایەن پێپ گواردیۆلاوە کاردانەوەی زۆری دروستکردووە.
 
هالاند لە گواستنەوەی هاوینی رابردوو لە یانەی بۆرووسیا دۆرتموندەوە چووە یانەی مانچێستەر سیتی، دوای ئەوەی یانە ئینگلیزییەکە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکەی جێبەجێکرد.
 
هالاند لەو کاتەوەی پەیوەندیی بە مانچێستەر سیتییەوە کردووە ئاستێکی بەرز پێشکێشدەکات و رۆڵی گەورەی لە یەکلاکردنەوەی زۆرینەی یارییەکانی یانەکەدا بینیوە.
 
ئێرلینگ هالاند لە 37 یاریی ئەم وەرزەی مانچێستەر سیتیدا لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا 42 گۆڵی تۆمارکردووە و 5 ئاسیستی هەیە، لە دوایین 2 یارییشیدا 8 گۆڵی کردووە.
 
هالاند لە 26 یاریی پرێمەرلیگ 28 گۆڵی کردووە، لە 10 یاریی چامپیۆنزلیگدا 6 گۆڵی کردووە، لە کاراباو کەپدا 3 گۆڵی لە دوو یارییدا کردووە و لە دوو یاریی جامی یەکێتیی ئینگلتەراشدا گۆڵێکی کردووە.
 
هێرشبەرە نەرویجییەکە دەبێتە شەشەم یاریزان لە مێژووی خولی ئینگلتەرادا 40 گۆڵ یان زیاتر لە یەک وەرزدا بۆ یانەیەک تۆماربکات و تەنیا دوو گۆڵی دیکەی پێویستە بۆ ئەوەی ریکۆردی محەممەد سەڵاح و ڤان نێستلرۆی یەکسانبکاتەوە.
 
سەرەڕای ئەم هەموو ئامار و ئاستبەرزییەی لەگەڵ یانەکەدا پێشکێشیدەکات، گواردیۆلا چەندینجار لە یاری و پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا گۆڕانکاریی بە هالاند کردووە، لە کۆی 37 یاری کە یاریزانەکە ئەنجامیداون 35 یاریی بە سەرەکی کردووە و دوو یاری وەک یاریزانی یەدەگ بەشداربووە، لەو 37 یارییەدا یاریزانەکە 16 جار گۆڕانکاریی پێکراوە، بەمەش یاریزانەکە تەنیا بەشداریی لە 90 خولەکی 19 یارییدا کردووە.
 
لە 4 یاریی مانچێستەر سیتیدا گواردیۆلا یاریی بە هالاند نەکردووە، بەبێ ئەوەی هیچ پێکان و کێشەیەکی هەبووبێت.
 
بەشێوەیەکی گشتی ئێرلینگ هالاند لە 2871 خولەکدا یاریی بۆ مان سیتی کردووە، لە هەر 68 خولەک جارێک گۆڵێکی کردووە و خاوەنی 42 گۆڵە.
 
بە هەڵسەنگاندن بۆ ژمارەی گۆڵ و یارییەکانی ئەم وەرزەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی، ئەگەر هالاند لە هەموو یارییەکاندا بەشێوەیەکی سەرەکی کردبا و بەشداریی لە هەموو خولەکەکانی یارییەکاندا کردبا، ئەوا ئێستا 10 گۆڵ زیاتری تۆمارکردبوو و ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندبووایە 54 گۆڵ.
 
ئێرلینگ هالاند گۆڵکاری ئەم وەرزەی پرێمەرلیگە بە تۆمارکردنی 28 گۆڵ و گۆڵکاری چامپیۆنزلیگە بە تۆمارکردنی 10 گۆڵ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە