لێدوانی راهێنەرانی ئینتەرمیلان و یوڤێنتوس لەبارەی دێربیی ئیتاڵیاوە

19-03-2023
ئیحسان تاهیر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمشەو کاژێر 22:45 بە کاتی باشووری کوردستان، یاریی دێربیی ئیتاڵیا لەنێوان ئینتەرمیلان و یوڤێنتوس بەڕێوەدەچێت. راهێنەری هەردوو یانە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەیان بۆ میدیاکاران کرد، کە ئەمە پوختەی قسەکانیانە:
 
سیمۆن ئینزاگی، راهێنەری یانەی ئینتەرمیلان:
 
یوڤێنتوس تیپێکی نایابە، تیپێکی تەواوە و چەندین یاریزانی نایابی تێدایە. زۆر رێزیان لێدەگرین، لەم ساڵانەی دواییدا چەندینجار لە کۆتاییەکاندا رووبەڕوویان بووینەتەوە، لە قۆناخی یەکەمدا یارییەکمان هەبوو و لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئیتاڵیاشدا رووبەڕوویان دەبینەوە. ئێمە زۆر رێزیان لێدەگرین و دەزانین چەندە گرنگە ئامادەکاری دەروونی لەم بۆنانەدا هەبێت، لەگەڵ یوڤێنتوسیش گرنگتر دەبێت.
 
سەبارەت بە رۆمێلۆ لوکاکو؟ ئەو یاریزانە کاتی یاریکردنی زیاتر بووە، ئەو وەک هەموو هاوڕێکانی گرنگ بوو بۆ گەیشتن بە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، لەبیرمان نەچێت کە لە یاری یەکەم بەرامبەر پۆرتۆ گۆڵی تۆمارکرد، هەموو یارییەکەی بەرامبەر سپێزیا ئەنجامدا، لەم هەفتەیەدا لە پۆرتۆ 25 خولەکی کۆتایی یاریی کرد، زۆر باش لەگەڵ هاوڕێکانی کاردەکات، منیش وەک راهێنەر بێگومان دەبێت پێکهاتەیەکی گونجاو هەڵبژێرم.
 
 
ماسیمیلیانۆ ئالێگری، راهێنەری یانەی یوڤێنتوس:
 
لەنێو یاریگەدا 53 خاڵمان بەدەستهێناوە، 38 خاڵ دوای سزادانەکە، با بزانین دوای تانەلێدانەکە لە 19ـی نیسان چی روودەدات، هەروەها یۆرۆپالیگ و جامی ئیتاڵیاشمان هەیە، بۆیە ئێستا با تەنیا سەرنج و بیرکردنەوەمان لەسەر ئەم یارییە بێت، پێویستە هەندێک وزە وەربگرینەوە و وەرزەکە هەنگاو بە هەنگاو وەربگرین نۆ یاری نایابمان هەیە بۆ ئەوەی لە مانگی نیساندا ئەنجامی بدەین، بۆیە دەتوانین چاوەڕوانی مانگێکی سەرنجڕاکێش بکەین.
 
سەبارەت بەوەی دەرفەتی ئەوەمان هەیە یەکێک لە چوار پلەکانی یەکەم وەربگرین؟ دیسان دەیڵێمەوە، ئێستا 53 خاڵمان لە یاریگادا بەدەستهێناوە، ئەوەش وامان لێدەکات بە سێ خاڵ لە پێش ئینتەرمیلان و پێنج خاڵ لە پێش میلان و چوار خاڵ لە پێش لازیۆ و شەش خاڵ لە پێش رۆما بین. کۆتایی وەرزەکە، بە سزاکانیشەوە لە پلەی پێنجەم یان شەشەم دەبین، واتا وەرزێکی باشمان بەسەربرد، بۆیە ئێستا پێویستە بەرگری لە پلەی دووەم بکەین سەبارەت بە خۆمان، چونکە ئەوە ریزبەندیی ئێمەیە و ئەوەی دیکە گرنگ نییە حەزت لێیە یان نا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە