شەوی کلاسیکۆ.. بارسێلۆنا نازناوەکە یەکلادەکاتەوە یان ریال مەدرید رەتیدەکاتەوە؟

19-03-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بارسێلۆنا ریال مەدرید کلاسیکۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریی کلاسیکۆی ئیسپانیا، لەنێوان هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدرید جارێکی دیکە چاوەکانی جیهان دەباتەوە سەر رکابەرییەکانی لالیگا، بۆ ئەوەی بینەری یارییەکی دیکەی نێوان ئەو دوو رکابەرە هەمیشەییەکەی ئیسپانیا بێت.
 
ئەمشەو کاژێر 23:00 بەکاتی باشووری کوردستان، هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدرید لە رکابەرییەکانی گەڕی 26ـی لالیگا لە یاریگەی کامپ نوی تایبەت بە یانەی بارسێلۆنا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
بارسێلۆنا پێشەنگی ریزبەندی خولەکەیە، 65 خاڵی هەیە و 9 خاڵ لە یانەی ریال مەدریدی دووەمی ریزبەندی خولەکەوە دوورە کە ئەمیان 56 خاڵی لەم وەرزەی خولەکەدا کۆکردووەتەوە، یارییەکە بۆ یانەی شاهانە بە 6 خاڵە، لە کاتێکدا بردنەوەی یانەکە جیاوازییەکە دەکاتە 6 خاڵ و دۆڕاندنیش لە یارییەکەی ئەمشەودا جیاوازییەکەیان دەکاتە 12 خاڵ.
 
ئەمە یەکەم یاریی چاڤی هێرناندێزە لە یاریگەی کامپ نودا وەک راهێنەری بارسێلۆنا بەرامبەر یانەی ریال مەدرید ئەنجامیدەدات، راهێنەرە ئیسپانییەکە دەیەوێت تیپەکەی زیاتر لە بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا نزیکبکاتەوە، بەتایبەت کە یانەکە تەنیا لە لالیگا و جامی شادا رکابەری دەکات.
 
لە بەرامبەردا کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ئیتاڵیی یانەی ریال مەدرید دەیەوێت درێژە بە رکابەریکردن بدات و بەبردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە جارێکی دیکە تیپەکەی زیندووبکاتەوە و یەکلابوونەوەی نازناوەکە لە بەرژەوەندی بارسا زیاتر دوابخات.
 
لە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا هەریەکە لە عوسمان دێمبێلی و پێدری بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەی ئەمشەودا ناکات، لە یانەی ریال مەدرید دەیڤد ئالابا و ئەلڤارۆ رۆدریگێز یاوەری پێکهاتەکەی کارلۆ ناکەن.
 
یانەی بارسێلۆنا لەم وەرزەی لالیگادا بەهێزترین هێڵی بەرگریی هەیە و لە 25 یاریی رابردوودا تەنیا 8 گۆڵی لێکراوە و ئاندرێ تێرشتیگن لەبەردەم هەلی تۆمارکردنی ریکۆردێکی نوێیە لە رکابەرییەکانی خولەکەدا، ئەمشەو یانە کەتەلۆنییەکە دەیەوێت درێژە بە پاراستنی گۆڵەکەی بدات، بەڵام رکابەرەکەی ریال مەدریدە، کە خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبەرە لەم وەرزەدا و لە 25 گەڕی رابردوودا 50 گۆڵی تۆمارکردووە و ئەمشەو پێویستییەکی زۆری بە تۆمارکردنی گۆڵ هەیە.
 
لە دوایین دوو کلاسیکۆی نێوان هەردوو یانە کە لە جامی سوپەری ئیسپانیا و جامی شای ئیسپانیا بووە، هەردووجارەکە بارسێلۆنا یارییەکەی بردووەتەوە، ریال مەدرید لە یاریی سێیەمدا بردنەوە تۆمار دەکات، یان بارسێلۆنا درێژە بە ئاستبەرزییەکەی دەدات بەرامبەر یانەی شاهانە، ئەمشەو لە کامپ نو وەڵامی ئەم پرسیارە و چەند پرسیارێکی دیکەی تایبەت بە یارییەکە دەدرێتەوە.



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە