لالیگا.. بیلباو و خیتافی یەکسانبوون و یارییە گرنگەکەی ئەمڕۆ لە مەدریدە

19-03-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئاتلێتیک بیلباو خیتافی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ


یارییەکانی گەڕی 29ـی لالیگا، بە یاریی ئاتلێتیک بیلباو و خیتافی دەستیپێکرد و بە ئەنجامی یەکسانبوون کۆتاییهات، ئەمڕۆش چوار یاریی دیکە بەڕێوەدەچن، کە گرنگترینیان میوانداریکردنی ئاتلێتیکۆ مەدریدە لە لایەن رایۆ ڤاییکانۆوە.
 
ئاتلێتیک بیلباو لەسەر یاریگەی سان مامێس میوانداری خیتافی کرد و دوای یارییەکی توند و تیژ، کە ناوبژیوان دوو کارتی سووری تێدا بە رووی دوو یاریزانی خیتافیدا بەرزکردەوە، یارییەکە بە ئەنجامی یەکسانبوون 1-1 کۆتاییهات.
 
ئەنیس ئۆنالی یاریزانی خیتافی تەنیا 3 خولەکی پێویست بوو بۆ پێشخستنی یانەکەی بە گۆڵێک.
 
دوای کۆمەڵێک هێرش بۆ سەر گۆڵی تیپی میوان، لە خولەکی 29ـدا یۆری بریچیچ توانی گۆڵی یەکسانبوون بۆ یانەی خاوەن یاریگە تۆماربکات.
 
نیوەی دووەم کە هیچ گۆڵێکی بەخۆیەوە نەبینی، دوو کارتی سووری تێدابوو، کە سەرەتا لە خولەکی 65 خۆرخێ کوینکای یاریزانی خیتافی بە کارتی سوور دەرکرا، بەر لەوەی هاوڕێیەکەی جاکۆب یانکتۆش لە دواخولەکدا کارتێکی سوور وەربگرێت.
 
ئاتلێتیک بیلباو ئێستا بە 41 خاڵ پلەی هەشتەمی ریزبەندیی لالیگای گرتووە، خیتافیش 29 خاڵی هەیە و پانزدەمی ریزبەندییە.
 
ئەمڕۆ لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 29ـدا چوار یاریی دیکە بەڕێوەدەچن، کە سەرەتا دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس میوانداری گرانادا دەکات.
 
یارییەکە بۆ هەردوو یانە زۆر گرنگە، بەو پێیەی هەردوو یانە مەترسی دابەزینیان لەسەرە و 3 خاڵی یارییەکە بۆ هەر یەکێکیان لەوانەیە تا راددەیەک لە ناوچەی مەترسی دووریان بخاتەوە.
 
گرنگترین یاریی ئەمشەو لەسەر یاریگەی تێرێز ریڤێرۆ لە مەدرید دەبێت، کاتێک ئاتلێتیکۆ مەدرید دەبێتە میوانی رایۆ ڤاییکانۆ.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید، ئێستا بە دۆخێکی  نموونەییدا تێپەڕدەبێت، دوای ئەوەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی لە چامپیۆنزلیگ دەرکرد و گەیشتە قۆناخی هەشتی پاڵيوانێتییەکە، لە لالیگاشدا 4 یارییە بەسەریەکەوە دەباتەوە و دەیەوێت بەردەوام بێت لە سەرکەوتنەکانی بۆ ئەوەی بەجددی بگەڕێتەوە نێو رکابەری لەسەر نازناوەکە.
 
رایۆ ڤاییکانۆش دوای ئەوەی وەرزەکەی بە سەرەتایەکی زۆر بەهێز دەستیپێکرد، بەمدواییە ئاست و ئەنجامەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەیان کردووە، بە جۆرێک کە لە دوایین 9 یارییدا هیچ سەرکەوتنێکی نییە، تەنانەت 7 جار دۆڕاوە و تەنیا دووجار یەکسان بووە، بۆیە هەوڵدەدات لە رێگەی ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە ورە بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە، ئەگەرچی ئەرکی ئاسان نابێت، بە تایبەتیش کە رادامیل فالکاوی هێرشبەری کۆلۆمبی و گۆڵکاری یانەکە بەهۆی پێکانەوە ناتوانێت بەشداری لەم یارییەدا بکات.
 
یارییەکانی ئەمڕۆ..
 
دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس - گرانادا 16:00
ئێلچی - ڤالێنسیا 18:15
ئۆساسۆنا - لێڤانتی 20:30
رایۆ ڤاییکانۆ - ئاتلێتیکۆ مەدرید 23:00
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە