"ئەگەر فریای نەکەون رۆناڵدینیۆ شێت دەبێت"

19-03-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دایکی رۆناڵدینیۆ رۆناڵدینیۆ
A+ A-

رووداو دیجیتال

چەند هاوڕێیەکی نزیک لە رۆناڵدینیۆی ئەستێرە و ئەفسانەی بەرازیلی، زەنگی ئاگادارکردنەوەیان سەبارەت بەو بارودۆخەی جادووگەرە بەرازیلییەکە تێیدا تێدەپەڕێت لێدا، کە بەدەست قەیرانی دەروونییەوە دەناڵێت.

رۆناڵدینیۆ بە ماوەیەکی ئاساندا تێناپەڕێت، نەک تەنیا لەبەر دەستگیرکردنەکەی لە پاراگوای لە 2020، بەڵکو لەبەر مردنی دایکی، کە مانگی رابردوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا.

بەپێی رۆژنامەکانی بەرازیل، هەندێک لە هاوڕێکانی رۆناڵدینیۆ زەنگی هۆشدارییان لێداوە لەبارەی قەیرانەکانی ئەو یاریزانە بەهۆی خواردنەوەی مەی، کە دەڵێن "رۆناڵدینیۆ لە خەفەتی مردنی دایکیدا ئاڵوودەبووە بەخواردنەوە".

ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە رۆناڵدینیۆ هەموو رۆژێک لە ئاهەنگەکانی خواردنەوەکاندا تاوەکو کاژێرەکانی سەرەتای بەیانی دەخواتەوە و تەنیا رۆژی دواتر لە خواردنەوەیان دەوەستێت.

ئەو سەرچاوانە دووپاتیشی دەکەنەوە کە ئەم دۆخە تەنیا لەم دواییەدا بە رۆناڵدینیۆوە بەدیارکەوتووە، کە زیاتر لە دوای مردنی دایکی تووشی نیگەرانییەکی زۆر بووە.

رۆناڵدینیۆ خۆی نەگۆڕیوە و هەر نیگەران دیارە، سەرەڕای ئەوەی چەندین هاوڕێی دیکە روویان لە ریۆ دی جانیرۆ کردووە و سەردانیان کردووە، چونکە لەوێ هەست بە تەنیایی دەکات.

رۆناڵدینیۆ لە گۆشەگیریدا دەژی هەرچەندە دڵێکی گەورەی هەیە و لەگەڵ هاوڕێکانیدا بەخشندەییەکی زۆری هەیە، ئەگەرچی هەموو کەسێک هاوکاری ناکات، کە هاوڕێی راستەقینەی ئەون.

ئەو هاوڕێیانەی رۆناڵدینیۆ هۆشداری ئەوە دەدەن ئەگەر فریای ئەستێرە بەرازیلییەکە نەکەون و رزگاری نەکەن، بە ئەگەری زۆرەوە تووشی نەخۆشی دەروونی دەبێت.

رۆژی 21ـی مانگی رابردوو، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی بەرازیل و ئیسپانیا، هەواڵی کۆچی دوایی دۆنا ئاسیسی دایکی رۆناڵدینیۆی ئەفسانەی بەرازیلییان بڵاوکردەوە، کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبوو.

ئەستێرەی بەرازیلی لە یەکەم کاردانەوەیدا بۆ کۆچی دوایی دایکی، وێنەی ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا گۆڕی بەدانانی وێنەیەکی رەش لە ماتەمینی دایکیدا، کە لە تەمەنی 71 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە